مامۆستایانی ئاینی لە ئاكرێ بەكۆی دەنگ، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن، ئەوەی عێراق لە هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی كوردیی دەكات ستەمە.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، مامۆستایانی ئاینی لە ئاكرێ كۆبوونەوە و بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتییان دژی حكوومەتی عێراق و بڕیارەكانی خوێندەوە.
ئەو مامۆستایانە رایان گەیاند، بە هەموو پێوەرێك ئەوەی عێراق بەرانبەر فەرمانبەرانی كوردستان و خەڵكەكەی دەیكات، ستەمە و دەبێت ئەو ستەمە كۆتایی بێت.
باسیان لەوەش كرد، ئەو ئازاردانەی فەرمانبەرانی هەرێم بەم شێوەیەی عێراق دەیكات، جێی تێڕامانە و هەمان هەڵسوكەوتی رژێمەكانی پێشوومان بیر دەخاتەوە.
ئەو مامۆستایانە داوایان لە وڵاتانی ئیسلامی و مامۆستایانی ئاینیی عێراق كرد، بێنە خەت و دەنگ بەرانبەر ئەو ستەمە بەرز بكەنەوە و چیتر میلەتێك نەبێتە قوربانی ئەو بڕیارانە.
ئەوە لە كاتێكدایە لە 28ـی ئایار، عێراق بە بڕیارێكی سیاسی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی ڕاگرتووە.