مەریوان قەرەنی: پێویستە میلیشیاكان ناوی پێشمەرگە تێكەڵ بە كێشە نێوخۆییەكانیان نەكەن

:: AM:11:47:06/07/2025 ‌
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، هەندێك لە میلیشیاكان، لە جیاتی ئەوەی باسی خۆیان بكەن و هۆكاری مانەوەیان بخەنە ڕوو، لە وەڵامی ئەو داواكارییەی عەرەبە شیعەكانی وەك خۆیان، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە دەهێنن و دەیانەوێ پێشمەرگە تێكەڵ بە كێشەی خۆیان بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، مەریوان قەرەنی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری، رای گەیاند، ماوەیەكە عەرەبە شیعەكانی عێراق لەوانەی كە ئینتیمایان بۆ عێراق هەیە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە دەبێ میلیشیاكان هەڵبوەشێندرێنەوە، ئەمەش لە وتارەكەی سەید موقتەدا سەدر بە روونی باس كراوە. 

باسی لەوەش كرد، لە بەرانبەر ئەو داواكارییەدا، هەندێك لە میلیشیاكان، لە جیاتی ئەوەی باسی خۆیان بكەن و هۆكاری مانەوەیان بخەنە ڕوو، لە وەڵامی ئەو داواكارییەی عەرەبە شیعەكانی وەك خۆیان، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە دەهێنن و دەیانەوێ پێشمەرگە تێكەڵ بە كێشەی خۆیان بكەن.

روونی كردەوە، پێشمەرگە سیمبولی ئازادییە، سیمبولی خەبات و بەرخۆدانی گەلی كوردستانە، هێمایە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیان لە كوردستان. پێشمەرگە هێزێك نییە بە بڕیارێك دروست بووبێت وەك ئەوەی هێزەكانی تر دروست كراون، بەڵكوو پێشمەرگە زادەی خەباتی گەلی كوردستانە و لەو كاتەی سیستەمی عێراق پاشایەتی بووە، پێشمەرگە هەبووە و تا هەتایەش دەمێنێت و بە قسەی میلیشیا و ئەو گرووپانەی كە ئینتیمایان بۆ وڵاتانی تر هەیە، لەناو ناچێت.

بە گوتەی مەریوان، پێویستە عەرەبە شیعەكان ناوی پێشمەرگە تێكەڵ بە ململانێكانی خۆیان نەكەن، هەرگیز هێزێكی نیشتمانیی دەستووریی خاوەن پرەنسیپی وەك پێشمەرگە بەو میلیشیایانە بەراورد ناكرێن كە خەریكی جێبەجێكردنی ئەجێندای ئیقلیمین.



وشە - رامیار جەواد