بەشی شرۆڤەی رادیۆی كوردستان ئاشكرای دەكات كە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، خۆی لە (كوردستانیبوون) بەری كردووە و دەبوو لەبری پاشگری ئیسلامی، كوردستانییەكەیان لێ بكردایەتەوە.
بەشی شرۆڤەی رادیۆی دەنگی كوردستان، شرۆڤەیەكی بۆ قسەكانی شێركۆ جەودەت ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان نووسیوە بە ناونیشانی "دیسان شێركۆ جەودەت خۆی دەنوێنێت، ڕەمڵ لێ دەدا، خۆی و یەكگرتووش لە كوردستان بەری دەكات"، كە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: "شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی و یەك لە كەواسوورەكانی پێش لەشكری تەسلیمبووی یەكگرتووی ئیسلامی، وەك عادەتی هەمیشەییان، خۆی و حزبەكەی لە كوردستان و گەلەكەی بەری كرد و دیسان هەلپەرستانە خۆیان لە پاپۆڕەكەی كوردستان فڕێ دا، كە بە حیسابی یەكگرتوو، وا خەریكە (نغرۆ دەبێت).
رادیۆكە دەڵێت: هەڵبەت ئەمە یەكەمین جاریان نییە ئەو هەڵوێستە نانیشتمانییە بنوێنن، لە دەیەی ڕابردوودا نموونەگەل زۆرن.
ڕوونیشی كردووەتەوە: ڕاستە یەكگرتوو وەك حزبێكی ئیخوانیی سەربە ڕێكخستنی نێودەوڵەتیی ئیخوان و وەك هەموو ڕێكخستنە ئیخوانییەكانی دنیا، حزبێكی سنووربڕە و ئیعتیراف بە سنوور و نەتەوە و تەنانەت نیشتمانەكەی خۆشیان ناكەن، بەڵام ئەوە چییە ناچاریان دەكات زووزوو ئەو حەقیقەتە بیری كوردستانیان بێننەوە؟ تەنانەت شێركۆ خۆیشی ناچار نییە لەگەڵ هەر تەنگژەیەكدا فەزیحەتەكەی كۆمپانیای گازەكەمان بیر بێنێتەوە، ئاخر كە خەڵكی كوردستان بەردێكیان لەسەر فەزیحەتەكەی داناوە، ئیتر هەق نییە ئەویش هەموو جارێك بە خۆنواندنێك كە گوایە زانیاریی ژێربەژێر دەزانێت، بیرمان بێنێتەوە و پەردە لەسەر رووی ناكوردستانیبوونی حزبەكەشی هەڵماڵێت.
لە شرۆڤەكەدا ئەوەش گوتراوە، ئەمڕۆ یەكشەمەیە، شێركۆ مۆڵەتی دوو ڕۆژی بە كوردستان داوە، گوایە ئیتر سێشەم كار لە كار دەترازێت و كوردستان بۆ میلیشیاكان و حزبەكەی تەخت دەبێت. ئاخر هەر ئەم جۆرە خۆنواندنانە و ئەم قسە عەنتیكە عەوامخەڵەتێن و پۆپۆلیستییانە بوو یەكگرتووی بەو وەزعە گەیاند.
لە كۆتایی شیكارییەكەشدا هاتووە: "ڕۆژگارێك هەندێك كەسانی ڕۆشنبیری ناو یەكگرتووی ئیسلامی، پێشنیازی ئەوەیان دەكرد پاشناوی (ئیسلامی) لە یەكگرتوو بكرێتەوە، نەكرا، بەڵام قسەكانی دوێنێی شێركۆ و پێشتری موسەننا و كێ و كێی تری ئەندامانی یەكگرتوو، ئەوە دەسەلمێنن كە نەخێر، پاشناوی كوردستان لە ناوی یەكگرتووی ئیسلامی زیادە.