مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەك بابەتی مووچە، تێكەڵ بە هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باجی ئەو ناكۆكییانە بدەن، پێویستە لە زووترین كاتدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەك بابەتی مووچە، تێكەڵ بە هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باجی ئەو ناكۆكییانە بدەن، كە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی كوردستان كراوە. هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە كە پێویستە لە زووترین كاتدا، كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ بەردەوامن، بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا كێشەكە چارەسەر بكرێت.
لە تەوەرێكی تری گفتوگۆكاندا، دووپات لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان كرایەوە.