رێكخراوی گەنجانی ڕاپەڕین: تەنیا لە یەك شەودا لە قەڵادزێ 70 گەنج بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون

:: PM:01:54:06/07/2025 ‌
رێكخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تەنیا لە یەك شەودا لە شارۆچكەی قەڵادزێ، 70 گەنج ڕوویان لە ئەوروپا كردووە.

ئەمڕۆ لە شارۆچكەی قەڵادزێ، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی سەربە پارێزگای سلێمانی، ڕێكخراوی گەنجانی ڕاپەڕین لەبارەی دووبارە كۆچكردنی گەنجان بە ڕیژەیەكی زۆر، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.

ئەحمەد حەسەن سەرۆكی ڕێكخراوی گەنجانی ڕاپەڕین ڕای گەیاند، لەم دەڤەرەدا دیسان كۆڕەوێكی تری گەنجان دەستی پێ كردووەتەوە، تەنیا لە یەك شەودا لە شارۆچكەی قەڵادزێ، 70 گەنج ڕوویان لە ئەوروپا كردووە، بە جۆرێك لە ڕێگەیەكی زۆر مەترسیدارەوە كۆچ دەكەن كە لیبیایە.

گوتیشی: لە فڕۆكەخانە و سنوورەكانەوە ئەو هەموو گەنج و مێردمنداڵە دەڕۆن، هەقە دەزگاكان بپرسن بۆچی و لەبەرچی و بۆ كوێ دەڕۆن، لە كاتێكدا ناكرێت ئەم سامانە نیشتمانییە ئاوا بە ئاسانی هەناردەی دەرەوە بكەین و خۆمان بێ وزە بهێڵینەوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەن، داودەزگا پێوەندیدارەكان و مامۆستایانی ئاینی دەكەم، بە گرنگییەوە باس لە مەترسییەكانی ئەم كۆچە بكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد: جارێكی تر داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، چاوێك بەم دەڤەرەدا بخشێنێتەوە و خزمەتێك بەم ناوچەیە بكرێت وەك شارەكانی تر، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی چەند پڕۆژەیەكیشەوە بێت سەتان هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت، چونكە ئەم كۆچە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر سنوورەكەمان.

لە كۆتایشدا ڕای گەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو و بەتایبەت مانگی ڕابردوو، لە ڕێگەی لیبیاوە هەفتانە زیاتر لە 300 بۆ 400 گەنج كۆچ دەكەن.




وشە - سۆران عەزیز