باشترین زەوییەكانی هەولێر بۆ فەرمانبەران ئامادە كراون

:: PM:02:10:06/07/2025 ‌
ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران بەردەوامە، لە 37 شارەوانیی سنووری هەولێر باشترین زەوییەكان ئامادە كراون و لە ماوەی دوو مانگدا سەرجەم فەرمانبەران زەوی وەردەگرن.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، مەریوان هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە لە چەند شارەوانییەكانی سنووری هەولێر ئامادەكردنی زەوی تەواو بووە.

زیاتر گوتی، شارەوانییەكانی سنووری هەولێر زۆرن و ژمارەیان 37 شارەوانییە، بۆیە ئامادەكارییەكان بۆ ئامادەكردنی زەوی فراوانە، تا ئێستە 42 هەزار فۆرمی وەرگرتنی زەوی گەیشتوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان.

باسی لەوەش كرد، رێكارەكانی دابەشكردنی زەوی لە بەشێك لە شارەوانییەكان تەواو بوونە، هەروەها لە دوو مانگی داهاتوودا رێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لە سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر تەواو دەبن.

دەشڵێت، هەوڵمان داوە زەوییەكان لە شوێنێك بن نزیك لە سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان، بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین كات خزمەتگوزارییان پێ بگەیەنین و مۆڵەتیان پێ بدەین، هەروەها سەرجەم ئەو پارچە زەوییانەی دیاری كراون، بەهایەكی زۆرباشیان هەیە و فەرمانبەران دەتوانن سوودیان لێ ببینن.

27ی ئایاری ئەمساڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.



وشە - رامیار جەواد