مامۆستایەكی زانكۆ باس لەوە دەكات، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەرێم زیاتر بەرانبەر بە بەغدا بەھێز دەكات و دەبێتە ھۆی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی ھەرێمی كوردستان.
د. ئیدریس رەمەزان مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین و شارەزا لە بواری ئابووری، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەیەكی زۆر بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕی و تا ئێستە كابینەی 10یەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكنەھاتووە، هەرچەندە كابینەی نۆیەم لە خزمەتكردن بەردەوامە، بەڵام پێكھێنانی كابینەی نوێ، دەبێتە ھۆی ئەوەی خزمەتی زۆر زیاتر بكرێ و لە ناوخۆ و دەرەوەش بەھێزتر دەبێت و بەرانبەر بە بەغداش بەھێزتر دەبن.
زیاتر گوتی، زۆرجار بەغدا بیانوو بە ھەرێمی كوردستان دەگرێت كە تا ئێستە نەیانتوانیوە حكوومەتی تازە پێكبێنن، بۆیە ئەگەر حكوومەتی تازە پێكبێت، ئەوكات بەھێزتر گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكرێت و دەتوانن داكۆكیی زیاتر لە مافی خەڵك بكەن و خزمەتی زیاتر بكەن و پڕۆژەی زیاتر لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.
وەك دووپاتی كردەوە كە خەڵكی هەرێمی كوردستان، چاویان لە پێكھێنانی كابینەی 10یەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و پێویستە لایەنەكان پەلە بكەن و حكوومەتی تازە پێكبێنن، بۆ ئەوەی دەست بە خزمەتكردنی خەڵكی خۆمان بكات، بۆیە ناكرێت لەمە زیاتر پێكھێنانی حكوومەت دوابخرێت و پێویستە ھەرچی زووە حكوومەت پێكبێت و دەست بەكارەكانی خۆی بكات .
وشە/ بڵند ئیبراھیم