رێكاری پێویست بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیاری دابڕینی شارەدێی كۆكس لە ئیدارەی گەرمیان دەگیرێتەبەر، ناڕەزایەتی دژی ئەو بڕیارەی عێراق هەیە.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، بێستوون وەیسی چالاك لە كۆكس، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیاری عێراق بۆ دابڕینی كۆكس بۆ سەر ناوچەیەكی تر نایاساییە، بۆیە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە دانیشتووانی سنووری شارەدێی كۆكس و چالاكان، سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان كرد و داوامان كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بكات بۆ راگرتنی بڕیاری دابڕاندنی شارەدێی كۆكس لە ئیدارەی گەرمیان.
زیاتر گوتی، راستە ئەو بڕیارە دروستكردنی قەزایەكی نوێ دەبێ و گواستنەوەی كۆكس بۆ سەر ئەو قەزایە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بەڵام پێچەوانەی دەستوورە، لەبەرئەوەی ئەم ناوچەیە لە سنووری مادەی 140ی دەستووری عێراقە و نابێت لە رووی ئیدارییەوە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت.
باسی لەوەش كرد، كۆكس پێش راپەڕین لەلایەن حكوومەتی بەعسەوە هەڵوەشێنراوەتەوە رووخێنراوە، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقیشەوە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هێنراوەتە كایە و شارەدێیەكی سەربە ئیدارەی گەرمیانە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە دوای بڕیارەكەی حكوومەتی عێراقەوە، ئیدارەی گەرمیان رێكارە پێویستەكانی گرتووەتەبەر بە ئامانجی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵێك دەدات.