بە زووترین كات كێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێت

:: PM:03:27:06/07/2025 ‌
لە سەڵاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی مەحموود مەشهەدانی كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، بەگوێرەی هەواڵی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كێشەكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كرا.

دووپات لەوە كرایەوە كە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕەچاوكردنی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كێشەكان چارەسەر بكرێن و بە هیچ شێوەیەكیش قووتی هاووڵاتییانی هەرێم تێكەڵ بە ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم نەكرێت، بە زووترین كات كێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێت.

هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنەكان لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ڕاستكردنەوەی هەڵە و كەموكوڕییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم