ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی كۆتایی هات، بڕیاریشە لەم هەفتەیە ئەنجامی تاقیكردنەوەكان بڵاو بكرێتەوە، قوتابیانیش وەڵامی 350 پرسیاریان داوەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی حوزەیران، ئازاد مستەفا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، بە "وشە"ـی راگەیاند، تاقیكردنەوەكان كۆتاییان هات و قوتابیان وەڵامی 350 پرسیاریان داوەتەوە، چونكە هەر تاقیكردنەوەیەك 50 پرسیاری لەخۆ گرتووە.
دەشڵێت، بۆ هەر تێبینییەك لەسەر تاقیكردنەوەكان، بێگومان وەزارەتی پەروەردە روونكردنەوەی پێویستی دەبێت، هەر هەڵەیەكیش هەبێت لە پرسیار مافی قوتابی نافەوتێت.
هاوكات سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردە، رای گەیاند، تا ئەنجامدانی خولی دووەمی تاقیكردنەوەكان رێژەی دەرچوونی قوتابیان نازانرێت.
باسی لەوەش كرد، بە زووترین كات ئەنجامی تاقیكردنەوەكان ڕادەگەیەنین، لەم هەفتەیە تێپەڕ ناكات و ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێن و قوتابیان دەتوانن وەری بگرنەوە.
جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا یەكەمەكانی پۆلی 12 ڕانەگەیەنرێن و نمرەكانیان ئاشكرا نەكرێت، وەك ئەوەی ساڵانی ڕابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان قوتابییە یەكەمەكان دەستنیشان دەكران و خەڵات دەكران.