نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەكان و گفتوگۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە لێكگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكان تاوتوێ كران، هەروەها لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی گەیشتن بە ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا. لەمبارەیەوە ئومێد و گەشبینیی خۆیان به هەوڵەكان و بوونی نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەری نیشان دا و دووپاتیان كردەوە، چارەسەركردنی پرسەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق دایە.
مەشهەدانی سوپاسی ڕۆڵی ئەرێنی و هەوڵە بەردەوامەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لێكگەیشتن و لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و دۆزینەوەی هاوبەشییەكان بۆ چارەسەری كرد.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ مەشهەدانی و خەمخۆری و هەوڵەكانی لەپێناو چارەسەریدا، دووپاتی كردەوە كە لە هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام دەبێت.