شارەزایەكی یاسایی: عێراق دەبێت لێكۆڵینەوە بكات نەك هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی كوردستان بدات

:: PM:06:36:06/07/2025 ‌
شارەزایەكی یاسایی رای دەگەیەنێت، بەغدا هەموو ئامانجی تێكدانی سەقامگیریی كوردستانە، كوێرانە درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەكەن، لەوەش خراپتر پاساوی بۆ بكەری ئەم تاوانانە هێنایەوە، لە كاتێكدا بەگوێرەی دەستوور ئەركی عێراقە لێكۆڵینەوە بكات. 

ئەمڕۆ یەكشەم، شەشی تەمووزی 2025، تاڤگە عومەر رەشید، شارەزای یاسایی بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی عێراق بەرانبەر بە كوردستان دەیكات، لە هیچ بڕگە و مادەیەكی دەستوور جێی نابێتەوە، ئەوە بە تەواوی پێشێلكاری و سزای بەكۆمەڵە. 

هەروەها گوتی، سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق كە لە زۆر رووەوە جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ رژێمەكانی تری عێراق نییە و درێژەپێدەری چەوساندنەوە و دژایەتیی كوردستان و گەلەكەیەتی، جیا لەوەی برسیكردنی گەلێك بە پیلان جێبەجێ دەكەن.

ئەو سەرنجی خستە سەر ئەوەیش، كە بەغدا هەموو ئامانجی تێكدانی سەقامگیریی كوردستانە، كوێرانە درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەكەن، لەوەش خراپتر پاساوی بۆ بكەری ئەم تاوانانە هێنایەوە و حەشدی شەعبی بێبەری كرد لە ئەنجامدانی.

ئەو شارەزایەی یاسا دووپاتی لەوە كردەوە، خەریكە بەهۆی سیاسەتەكانی حكوومەتی عێراق، خاكەكەیشی هیچ سەروەریی نامێنێ‌، چونكە بەگوێرەی دەستوور، ئەركی عێراقە لێكۆڵینەوە لە بۆردمان و هەڕەشەی تەناهیی هەر بستێكی خاكەكەی بكات. 

لێدوانی ئەو شارەزایە لە كاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوو، چەندان درۆنی حەشدی شەعبی ئاراستەی هەولێر كرا، بەڵام عێراق بیانووی هێنایەوە و ئەو گرووپە چەكدارەی بێبەری كرد.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم