وەزیری كار و كاروبای كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەبارەی قسەكانی لە كەناڵێكی سلێمانی بڵاو كردەوە و دەڵێ، بەمەبەست قسەكانی شێوێنراوە.
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە روونكردنەوەكەدا دەڵێ، ڕۆژی دووی ئەم مانگە، دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە مافی كرێكار و زیاتریش دەستەبەركردنی كرێكاران، كەناڵی ئاسمانی 8، چەند جارێك پێوەندییان كرد تا لەسەر خاڵی دووەمی كارنامەی كۆبوونەوەكە چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ ئەنجام بدەم، دواجار ڕازی بووم، بەو مەرجەی تەنیا لەسەر خاڵی دووەم بێت كە خۆشم مەبەستمە بابەتی مافی كرێكار و دەستەبەركردنی كرێكاران بچێتە ناو خەڵك.
هەروەها دەڵێ، كەناڵەكە ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵمان و كەمترین كاتیان بۆ ئەو بابەتە تەرخان كرد كە بانگهێشت كرابووین بۆی، نەدەكرا لە چاوپێكەوتنەكەدا كە ڕاستەوخۆ بوو ستۆدیۆ جێبهێڵین! ئێستەش كە هەڵایەك بە بەرنامەڕێژی و دەستێكی سیاسی لە پشتەوە دروست كراوە لەسەر وەڵامەكانم، كە ئەو دوو وەڵامەش هەردووكیان قسەی وەزیرە پێوەندیدارەكانە، لەبارەى ئەوەى گوتوومە وەزارەتی دارایی 160 ملیار دیناری لە بەردەستە، ئەوە قسەی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابووریش بوو، ئەوەش بە مانای ئەوە نەبووە كە داهات ئەوەندەیە، نەخێر گوتیان لە ئێستەدا ئەوەندە لە بەردەستە، لەبارەى داهاتی نەوتیش تەنیا قسەی وەزیری سامانە سروشتیبەكان بووە، هەردوو زانیارییەكەش زۆربەی كەناڵەكانیش پێش چاوپێكەوتنەكەی ئێمەش بڵاویان كردووەتەوە.
"من یەكێكم لەو وەزیرانەی زۆرترین لە بەدەمەوەبوون و خەم و پەرۆشی هەژار و لێقەوماواندا بووم، بەردەوام لە ناویاندا بووم چەندان جار لە رێگای دەوڵەمەند و خێرخواز و كۆمپانیاكان سواڵم بۆ كردوون و چەندان جار چوومەتە بەغدا و لەگەڵ وەزیرە پێوەندیدارەكان كۆبوومەتەوە بۆ بەرگریكردن لە مافی كەمئەندامان و خێزانە هەژارەكان، ئەوانەی لە نزیكەوە دەمناسن دەزانن مانگانە بەشێكی مووچەكەشم دەبەخشم، بەڵام بەداخەوەم كە بە بەرنامە و بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن، قسەكانم شێوێنراوە و هەوڵی چەواشەكردنی ڕای گشتی و تێكدانی میزاجی هاووڵاتییان دەدرێت". كوێستان محەمەد لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا وای نووسیوە.