سەرۆكی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی بۆ عێراق نەهێشتووەتەوە بۆ ناردنی مووچە، یەك بیانوو ماوە و ئەویش سبەی چارەسەر دەبێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت سێشەمی داهاتوو بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدرێت، هاوكات بۆ هەمووان روون بووەوە كە ئەوەی دەكرێ سیاسییە نەك پرسێكی یاسایی.
شێروان دووبەردانی سەرۆكی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هاتنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم و سەرۆك بارزانی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داواكارییەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ كردووە.
روونی كردەوە، بۆ هەمووان روون بووەتەوە كە ئەوەی دەكرێت بابەتێكی سیاسییە، كە رێككەوتن كرا و تەواو بوو سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوە كرد بۆ جێبەجێكردنی پێویستە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیبینن، واتە دەستوور و یاسا و رێككەوتن لای ئەوان بەهای نییە، بۆیە سبەی یەك دوو بیانوویان هەیە لەبارەی بەكارهێنانی نەوتی ناوخۆ چارەسەر دەكرێن و بڕیارە سێشەم رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.
دووبەردانی دووپاتی كردەوە، بڕیاری سیاسی و بڕیاری وەزیری داراییش بێ ئەنجوومەنی وەزیران بووە و چاوەرێین لە ماوەی ئەو 48 سەعاتە بڕیارێك بدرێت و سێشەمی داهاتوو مووچەی مانگی پێنج بدرێت و مانگانە بەبێ دواكەوتن مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكرێت بێ ئەوەی هیچ گرفتێكی بۆ دروست بكرێت، بۆیە سێشەم روون دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنەی كراوە پەسەند بكرێت و دەست بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران بكرێت، چونكە ناكرێت لەوە زیاتر مووچە دوا بخرێت.
وشە/ بڵند ئیبرایم