سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هاوخەمیی بۆ قوربانییانی لافاوەكەی تەكساس دەردەبڕێت

:: PM:09:33:06/07/2025 ‌

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوخەمیی بۆ قوربانیانی لافاوەكەی ویلایەتی تەكساسی ئەمەریكا دەربڕی و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران خواست، سەرۆكی حكوومەت ئەمڕۆ یەكشەم لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نوسیوویەتی، بە گرنگییەوە چاودێریی دۆخی ئەو لافاوەی تەكساس دەكەین، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم بۆ ماڵباتی قوربانییانی ئەو لافاوە دەردەبڕم و هیوای چاكبوونەوە بۆ سەرجەم برینداران دەخوازم.

هەینی رابردوو دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تەكساسی ئەمەریكی رایان گەیاند كە بەهۆی زریان و رەشەبا و بارانی بەخوڕ، لافاوێكی وێرانكەر ناوچە كەناراوییەكانی رووباری گوادالۆپی لە باشووری ویلایەتەكە گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەست داوە، لەوانە 20 كچ كە لە كەمپێكی هاوینەدا بوون. 

ئەمڕۆ یەكشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا حاڵەتی كارەساتی گەورەی لە ویلایەتی تەكساس بەهۆی گەورەیی زیانەكانی ئەو زریان و لافاوە راگەیاند، كاتێك میدیاكانی ئەمەریكی ئاماژەیان بۆ گیانلەدەستدانی 70 كەس كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل