عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەمڕۆ یەکشەم شەشی تەمووز، لە نووسینێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ شێوازی دانوستانەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەربڕی و ڕای گەیاند کە "کارە ڕاستەکە ئەوەیە کە مەسروور بارزانی دەیکات." هاوکات، ڕەخنەی توندی لەو کەس و لایەنانە گرت کە داوای سازشکردنی خێرا بۆ بەغدا دەکەن.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە نووسینەکەیدا ددان بەوەدا دەنێت کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی دایە و دوو مانگە مووچە وەرنەگیراوە، و ددان بە بوونی "گەندەڵی و قۆرخکاری" لە داهاتی ناوخۆدا دەنێت. بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە ناکریت ئەو کێشە ناوخۆیانە تێکەڵ بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم بکرێت و پێی وایە کێشە ناوخۆییەکان دەبێت لەناوخۆدا چارەسەر بکرێن.
ئەو شێوازی دانوستانەکانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی بە "ڕێگای ڕاست" ناوبرد و نووسیویەتی: ئێمە لە ئێستادا لە دانوسانداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، دانوسانیش پێویستی بە پشوو درێژی و خۆڕاگریە بۆ پچڕینەوەی پشکی زیاتر و زیاتر لە بەرانبەر، وەکو ئەوەی کە مەسروور بارزانی پێداگرە لەسەر ماف و بەشی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەرانبەردا، ڕەخنەی توندی لەو کەس و لایەنانە گرت کە داوای نەرمی نواندن و ڕازیبوون بە داواکارییەکانی بەغدا دەکەن و دەڵێت، نەک وەکو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە تەواوی ورەیان بەرداوە یان دەیانەوێت خۆیان شیرن بکەن لای بەغدا و ئەڵێن با بە زوویی بە هەموو داواکاریەکانی بەغدا ڕازی بین.
کوێخا موبارەک گومان لە نیازی ئەو لایەنانە دەکات و دەپرسێت کە ئایا: قازانجی گەلەکەیان دەوێت یان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان هەیە لەگەڵ بەغدا یان بۆ ملشکاندنی یەکتر وادەکەن؟
لە کۆتاییدا دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە کێشەکان دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام نابێت بە لاسەنگی و تەسلیم بوونی لایەک بێت.