هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكرێت

:: AM:08:56:07/07/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابەش بكرێت، بۆ ئەم مانگە زیاتر لە 64 هەزار پێشمەرگە سوودمەند دەبن. 

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، بڕیارە‌ ئەمڕۆ هاوكاریی هاوپەیمانان بەسەر پێشمەرگە دابەش بكرێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی پێَشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی ئەوەی رۆژی یەكشەم لە بانكی ناوەندیی عێراق پشووی فەرمی بوو، دابەشكردنی هاوكاریی دارایی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەكان لە رۆژی دووشەم دابەش دەكرێت.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هاوكارییەكەی هاوپەیمانان دەخرێتە سەر هەژمارەكانیان و دەتوانن سەردانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە (ATM) بكەن بۆ وەرگرتنی هاوكارییەكانیان.

ئاماژە بەوەش كراوە، لەم مانگەدا 64244 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پڕۆژەی هەژماری من، هاوكاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش دەرخەری بەرەوپێشچوونی سیستمی پێدانی هاوكارییە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی ئەلیكترۆنی.


وشە - رامیار جەواد