گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامییان هەیە، بەپێی بەدواداچوونەكان لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكن و ئەمڕۆش تەواوكاری گفتوگۆكان دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامییان دەبێت، بە ئەگەری زۆر رێككەوتن دەكرێت و كێشەی مووچە كۆتایی دێت.
دوێنێ شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، سوپاس بۆ خودا گفتوگۆكان قۆناغی زۆرباشیان بڕیوە، سبەی لە بەغدا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێككەوتن.
دەشڵێت، چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەرەكیی سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، لە تەواوی كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسكردن بوو لە چارەسەركردن و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بە زووترین كات.
باس لەوەش دەكات، سوپاس بۆ خودا گفتوگۆكان قۆناغی زۆرباشیان بڕیوە و لە بەغدا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێككەوتن، بە سوپاسەوە لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم، حكوومەتی هەرێم و سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی زۆر هاوكار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێك جار دەستبەرداری هەندێ مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا.
ئەوە لە كاتێكدایە ماوەی دوو مانگە عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرتووە و سزای فەرمانبەرانی كوردستان دەدات.