عومرە دەست پێ دەكاتەوە و رێنوێنی نوێ دەردەچێت

:: AM:09:46:07/07/2025 ‌
بڕیارە لەم مانگەدا رێنوێنیی نوێ بۆ گەشتەكانی عومرە دەربچێت، خاوەن كۆمپانیایەكیش دەڵێت، پێویستە ڕێنوێنییەكان توند بكرێن و هەموو كەسێك مافی گواستنەوەی عومرەكاری پێ نەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، ئیبراهیم حاجی خاوەنی كۆمپانیای حەج و عومرە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیارە لەم مانگە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ڕێنوێنیی نوێ‌ دەربكات و دەست بكرێتەوە بە گەشتی عومرە.

زیاتر گوتی، هیوادارم ڕێنوێنییەكان توند بن و و خزمەتگوزارییەكان زیاتر بكرێن، چونكە ئەمە داواكاریی عومرەكارانە كاتێك دەچنە سعوودیە داوای خزمەتگوزاریی زیاتر دەكەن.

هاوكات كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە ئامادەكارییەكان كراون، بڕیارە ئەم هەفتەیە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان بكەین كە كۆی گشتی 394 كۆمپانیان، بەڵام هێشتا نازانرێت لەگەڵ چەندیان گرێبەست دەكرێت.

دەشڵێت، رێنوێنیی نوێ بۆ كۆمپانیاكان داڕێژراون، لە بەرژەوەندیی ئەو هاووڵاتییانەیە كە دەچن بۆ عومرە، بۆیە ئەگەر هیچ كێشەیەك روو نەدات و گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی بن، چاوەڕوان دەكرێت ناوەڕاستی ئەم مانگە گەشتەكانی عومرە لە رێگەی وشكانی و ئاسمانی دەست پێ بكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بە هەزاران هاووڵاتی گەشتی عومرە ئەنجام دەدەن، گەشتەكان لە رێگەی ئاسمانی و وشكانی دەبن، بەهۆی سەرپێچییەوە تا ئێستە چەندان كۆمپانیا سزا دراون.


وشە - رامیار جەواد