بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمی جووتیارانی گوێڕ و دیبەگە و كەندێناوە لەلایەن حكوومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان بڕیاری دا گەنمەكەیان لە سایلۆكانی هەولێر وەربگرێت و ئەمڕۆ پرۆسەكە دەستی پێ كرد.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، سێبەر هەینی جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیارانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن لیژنەی بە بازاڕكردنی گەنم، بڕیار درا گەنمی گوێڕ و دیبەگە وەربگیرێت و هاوشێوەی جووتیارانی هەولێر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ جووتیارانی (كەندێناوە - گوێر) گەنمەكانیان رادەست بە سایلۆی هەولێر دەكەن.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی بە بازاڕكردنی گەنم، بڕیار لەبارەی گەنمی جووتیارانی گوێڕ و مەخموور درا.
زیاتر گوتی، دوای گفتوگۆكردن لەبارەی زیاتر ڕێكخستنی كارەكان و خزمەتكردنی جووتیاران، میكانیزم و ئامادەكاریی پێویست داڕێژرا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری شارەدێكانی گوێڕ و دیبەگە، هاوتەریب لەگەڵ گەنمی جووتیارانی بەشەكانی تری سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەوە لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق ئەمساڵ بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، بۆ جووتیارانی سنووری مەخموور و قەراج كێشەیان بۆ دروست كراوە.