رۆشنبیرانی كورد سەریان لە ئەحمەوی حاجی رەشید سوڕ ماوە

:: PM:12:39:07/07/2025 ‌
رۆشنبیران و نووسەرانی كورد لەبارەی راپۆرتدانی هەندێك كادر و سەركردەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بە نەیارانی كورد، هاتنە دەنگ و دەڵێن: گەمەیەكی مەترسیدار دەكەن.

لە ڕۆژانی رابردوودا كەسانی دیاری حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو هەرێمی كوردستان، كەوتنە راپۆرتدان بە دەوڵەتانی دراوسێ كە گوایە بەشێك لەو سیخوڕانەی مۆساد، لە هەرێمی كوردستانەوە نێردران و چەندان قسەی مەترسیداریان لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە، دەبوو بەیاسا رێگریی لەو كەسانە و كەسانی تریش بكرێت كە ئاسایشی نەتەوەیی دەخەنە مەترسییەوە.

 لەمبارەیەوە وەرگێڕی دیاری كورد عومەر عەلی غەفوور لە فەیسبووكی خۆی، گوتارێكی بەناوی "گەمەیەكی خراپ" نووسیوە و دەڵێت: هیچ پاساوێك رەوایی ناداتە ئەوەی تۆ لە پەرچەكرداری هەر شتێكدا، لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن، كۆماری ئیسلامیی ئێران كە خۆی لە حاڵەتی هەڵچووندایە و مووشەكدانی دەگڕێ، لە وڵات و میلەتی خۆت كە هەرێمی كوردستانە هان بدەیت، گوایە لە سنوورەكانی هەرێمەوە هەزاران درۆن و سیخوڕی ئیسرائیلی براونەتە خاكی ئێران، لە كاتێكدا چاك دەزانیت ئێران باكی نییە لەوەی بەو تۆمەتە وڵاتەكەت بكاتە سووتماك، ئاخر خواردنی چ پاروویەك لە هەرێم ئاسانترە.

ئەو وەرگێڕە ئەوەشی گوتووە، خۆ ئەگەر بەحیساب و خەیاڵ وا بزانی تۆ لە دەسەڵاتی هەرێم یان حزبێكی لەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە دەدەیت، بەڵام دڵنیابە ئەگەر ئێران بڕیار بدات ئەوە رژدی وەربگرێ، قوربانیی سەرەكی ژیانی خەڵك دەبێ، وەك چۆن كێشەی دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا خەڵك باجەكەی دەدەن.

باسی لەوەش كردووە، هەرچەند پێم وانییە ئێران بۆ زانینی راستیی ئەو دەنگۆیە پشت بەو لێدوانانەی ئەو كارەكتەرە خۆماڵییانە ببەستێ، بەڵام ئەگەر گومانێكی وا لە ئارایشدا بێ، بۆ دەبێ كوردێك بێت ئەم بابەتە بورووژێنێ كە سەرەنجام بەزیانی میلەت و هەرێمەكەی دەشكێتەوە، عەرەبێك، فارسێك، توركێك، ناحەزێكی كورد، یان هاوشەڕێكی ئێران ئەمە بڵێ سەیر نییە، بەڵام نەك كوردێك كە ئەو قسەیە هیچ سوودێكی نە ئاین و نە دنیای تێدا نییە.

عومەر عەلی دەڵێت: پێنج شەش وڵات سنووری بەرفراوانیان لەگەڵ ئێراندا هەیە (توركیا، ئازربایجان، ئەرمینیا، ئەفغانستان، پاكستان و عێراقی عەرەبی)، ئەمەریكا ئەگەر بیەوێ بەخۆشی بێ یان بەترشی، بەئاشكرابێ یان بەنهێنی، دەتوانێ ئەو شتانە لەو سنوورانەوە ئاودیوی ئێران بكات، بۆ دەبێ كاك ئەحمەد زەردۆیی لای خۆمان كە من دوور بەدوور خۆشم ویستووە، بەبێ تەحقیق كە رەنگە ساغكردنەوەی مانگان و ساڵانی بوێ، هێندە لە ئەستۆپاكیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە دڵنیابێ كە بێتاوانن و ئیللا و بیللا هەر دەبێ لە سنوورەكانی هەرێمەوە ئاودیو كرابن.

" فەرەزەن زەننی راجیحیشت هەبوو كە وایە، دەبوو خۆت بگری و پەلە نەكەی تا یەكلا دەبێتەوە، ئەی چی دەڵێی ئەگەر ساغ بووەوە لە وڵاتێكی ترەوە بووە؟ " نووسەر وا دەڵێت.

ئەو وەرگێڕە ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر ئەمەریكا بیەوێ لە سنوورەكانی هەرێمەوە شتێ ئاودیو بكات، عەجەبەن ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم دەتوانن نەهێڵن؟ هەر بەڕاست دەتوانن؟ مەگەر عەبە مەخمووری نەیگوت: "ئەمەریكا گوتی گۆ، پیاو هەیە بڵێ ناگۆ".

لە كۆتاییدا عومەر عەلی دەڵێت: لەبەرئەوە بە بڕوای بەندە یەكێك لە ناباشترین لێدوانەكانی كاك ئەحمەد، بەداخەوە هەندێ برادەری تری كۆمەڵیش، ئەو لێدوانەیەتی و هەر بەڕاستی ئەگەر ئەوە سیاسەتكردن بێ، سیاسەت و گەمەیەكی خراپە، هیوادارم درێژەی پێ نەدرێ.

هاوكات هەر لەمبارەیەوە نووسەری دیاری كورد بەدران ئەحمەد حەبیب گوتارێكی كورتی نووسیوە و ئاماژە بەوە دەكات: وەرە زەلام تۆ بە نوێژی نیوەڕۆ راپۆرت لە گەلی خۆت بدەیت، بڵێیت لە كاتی شەڕی ئیسڕائیل- ئێراندا، كوردستان چاوەڕوانی ئەوە بووە ئێران بكەوێت و عێراق هەڵوەشێتەوە و ئەویش هەلی بۆ هەڵكەوێ ببێ بە دەوڵەت.

بەدران ئەوەشی گوتووە، هەرچەندە ئەم باسە پێویستی بەم راپۆرتدانە نەبوو و ئێمە هەموومان پڕبەزار دەیڵێینەوە، كەوا چاوەڕوانی كەوتنی نەك هەر ئێران، بگرە توركیاش بووین بۆ ئەوەی كوردستان بگات بە رۆژی خۆی.

"ئەی باشە ئێمە 100 ساڵە یان زیاتر، لە شێخ عوبێدوڵا و شێخ مەحموود و شێخ سەعید و سەید رەزا و پێشەوا قازی و مستەفا بارزانییەوە، خەباتی چیمان كردووە و بە تەمای چی بووین؟".

بەردان ئاماژە بەوە دەكات، ئەمە ئەو ساتانەیە مرۆڤ شەرم دەكات بە كوردی هاتووەتە دنیا و لەگەڵ ئەم جۆرە مالۆسانەدا هاونیشتمانە.



وشە - سۆران عەزیز