ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەبارەی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی 2025 كرد.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، پارێزگاری هەولێر هەڵوەستەی لەسەر ئەجێندای كۆبوونەوەكە كرد، كە تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزاریەكانی شارەوانی و تەندروستی و ئاو و ئاوەرۆ و كارەبا و پەروەردە و رێگەوبان دەگرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر لە میانی قسەكانیدا، مەبەست و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ چۆنیەتیی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی سەرخان و ژێرخانی هەولێری پایتەخت، لەبەر رۆشنایی پێشهاتەكان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییەی كە هاتووەتە پێش خستە روو، بۆ ئەوەش دووپات لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەكان كرایەوە، بەو مەرجەی ئەولەوییەت بە باشترین پاكێجی خزمەتگوزاری گشتی بدرێ.
روونیشی كردەوە، ئەو پلانە گشتگیرەی كاری لەسەر دەكرێ، لە چوارچێوەی دیدگەی پەرەپێدانی هەولێر، بەردەوامیدان بە هەموو كەرتە خزمەتگوزارییەكان دەگرێتەوە، پلانی ستراتیجی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێریش پشتی بەو دیدگە ئایندەییەی سەرۆكی حكوومەت بەستووە.
بۆ ئەوەش پارێزگاری هەولێر، دووپاتی لەسەر ئەولەوییەتدان بە گرنگترینی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كردەوه، بەجۆرێك هەر سێكتەرە و لە چوارچێوەی فەرمانگەی خۆیدا، لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە پڕۆژەكانی بەگوێرەی بایەخی گشتی پلەبەند بكات و ئەوەی گرنگترینە ئەویان بخاتە واری جێبەجێكردنەوە .