لە كاتێكدا پێشتر بەغدا دەیگوت تەنیا پێویستە هەرێمی كوردستان لیستی مووچە بەبێ گرفت رەوانە بكات بۆ ئەوەی پارەی مووچەی فەرمانبەران زووتر رەوانەی هەرێم بكرێت، دەركەوت ئەوە تەنیا قسەیە و بیانووی بەغدا بۆ دواخستنی رەوانەكردنی پارە، ماوەی دوو مانگ زیاترە بەبێ هیچ كێشەیەك بەغدا مووچەی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، سەرەڕای بوونی چەندان رێككەوتن بەغدا راستگۆ نەبووە لەگەڵ هەرێم.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، نەجیبە نەجیب ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆرەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دوا دەخات، گوشارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە و دەیەوێ لەو رێیەوە گرفتی ناوخۆیی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، بەغدا بیانوو نەما بە هەرێمی كوردستانی نەگرێت لەبارەی ناردنی مووچە، هەر بە لیستی مووچە و كاغەز و سیدی و چەندان بیانووی جۆراوجۆر، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە دواخستنی پارەی مووچە.
روونی كردەوە، ئەوەی بەغدا دەیكات یاریكردنە بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران و بەسیاسیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەرانبەر گوشاركردن بۆ سەر حكوومەتی هەرێم، بۆیە هەموو كات مووچەی دوا خستووە، بەغدا نایەوێت هەرێمی كوردستان لەوەی ئێستە هەیە زیاتر پێش بكەوێت، بەغدا دەیەوێت دۆخێكی خراپ رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، ئەوەی بەغدا دەیكات سەرپێچیكردن و نایاساییە، لەو دوو ساڵەدا هەموو مانگێك مووچەی دواخستووە، لە 15 ساڵی رابردوو هیچ ساڵێك نەبووە بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بنێرێت بۆ هەرێم، ساڵ هەبووە كەمترین بودجەی بۆ هەرێم ناردووە، پابەند نەبووە.
ئەو باسی لەوەش كرد، بەغدا ناتوانێ قسەی خۆی بەسەر هەرێم و كۆمپانیاكانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بسەپێنێت، بەڵكو بابەتە ریككەوتن و لێكتێگەیشتنە، بەڵام بەغدا ئەوە نازانێ، هەر ئەوەندەی یاسای بودجە لە ژێردەستی بەغدایە و پێشتر لە پەرلەمانەوە ئەو یاسایە دەرچووە، پێویستە جێبەجێ بكرێت، دەیانەوێ سیستمی فیدراڵی نەمێنێت و ببێت مەركەزی و وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوەی بەغدا دەیكات بەئاشكرا ستەمە، لەسەر لایەنە كوردییەكانیش پێویستە پێكەوە دژی ئەو ستەمەی بەغدا بوەستنەوە.
ئارام عەدنان رۆشنبیری سلێمانی، بە "وشە"ی گوت، پێشتر بەغدا بۆ ئەوەی وا پێشانی بدات كە دەیەوێ لە كاتی خۆی مووچە دابەش بكات و ئەو هۆكاری دواخستنی نییە، داوای لە وەزارەتی دارایی دەكرد بۆ ئەوەی زووتر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، بەڵام هەموو ئەوانە بیانوو بوون تا گەیشت بەوەی كە گوتیان چیتر پارە نانێرن، بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر هەرێم بسەپێنن، دەیەوێت پێگەی هەرێم لاواز بكات.
ئیبراهیم میرزا چالاك و چاودێر، بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا تەنیا دەیەوێ ئەوە پێشانی خەڵك بدات كە دەسەڵاتی هەیە و بەدڵی خۆی مووچە دوا دەخات، لە بەرانبەر پارە و مووچە هەموو شتێك بەرانبەر بە هەرێم دەكات، ئاخر ئەمە ئەو بەغدایە بوو كە زۆر لە پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكانی بەغدا و حزبەكانیش داوایان دەكرد و دەیانگوت با مووچە بچێتەوە سەر بەغدا، ئێستەش نە رێككەوتن و نە یاسای بودجە و نە دادگای فیدراڵی و نە لیستی مووچە، هیچ شتێك سوودی نییە تەنیا خۆیان هەرچییان گوت كار بەوە دەكەن.
وشە/ هۆشیار عەلی