د.حەمید باڤی: هەندێك لایەن خیانەت بە خەبات دەزانن

:: PM:04:51:07/07/2025 ‌
پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق رای گەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی خەڵك دەكات لەگەڵ بەغدا، بەڵام ھەندێك لایەن لە هەرێم بەناوی ئۆپۆزسیۆن پشتی بەغدا دەگرن و دژایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن.

د.حەمید باڤی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، پێویستە ھەموو لایەنەكان پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن، بەڵام ھەندێك لایەن لەبری پشتگیری لە حكوومەت، دژایەتی حكوومەت دەكەن و ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست نین، پێویست بوو بەرگری لە مافی خەڵك بكەن، ئەوان دژن و وای لێ ھاتووە خەبات و خیانەت لێك جیا ناكرێتەوە.

دووپاتی كردەوە، ئێستە ھەندێك ھێزی سیاسی و پەرلەمانتار هەن لەسەر داھات و ھەرێمی كوردستان زانیاری بۆ عێراق دەبەن دژی ھەرێمی كوردستان، كێشە دروست دەكەن و پێیان وایە نەیان توانیووە لە ھەڵبژاردن سەركەون، دەچن ئەو كارە بكەن و مووچە نەیەت و خەڵك دژی حكوومەت ھەڵسێت، ئەمەش چارەسەر نییە.

باسی لەوەیش كرد، ئەوەی ئێستە عێراق دەیكات زۆر مەترسیدارە، ئەویش برسیكردنی خەڵكە كە كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە، بۆیە پێویستە لەجیاتی ئەوەى بەرگری لە بەغدا بكەن، با بەرگری لە مافی خەڵك بكەن و پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت مافی خەڵك بەدەست بێنێت.

وشە/ بڵند ئیبراھیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم