بەهۆی رەشەباوە كارەبای ئەو گەڕەكانەی سلێمانی بڕا كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناكی نین

:: PM:05:16:07/07/2025 ‌
دوای ئەوەی بەهۆی ئەو رەشەبایەی كە لە دوێنێ شەوەوە سنووری پارێزگای سلێمانیی گرتووەتەوە، زیان بە تۆڕەكانی کارەبا كەوت و چەند گەڕەك و ناوچەیەك كارەباكەیان كوژایەوە، كارەبای سلێمانی بڵاوی كردەوە، ئێستە كارەبای ئەو گەڕەكانە ئاسایی بووەتەوە.

ئەندازیار غالب محەمەد، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی رای گەیاند، ئێستە كارەبای ئەو فیدەرانەی بەهۆی رەشەباكەی دوێنێ زیانیان پێگەیشبوو، ئاسایی بووەتەوە و كارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی، بەهۆی ئەو رەشەبایەی كە لە شەوی رابردووەوە سنووری پارێزگای  سلێمانی گرتووەتەوە، لە ناوشار 19 فیدەری كارەبا كێشەی هەیە، لە دەرەوەی شاریش شەش فیدەر كێشەیان بۆ دروست بوو و كوژانەوە.

"وشە" زانیویەتی، كارەبای هیچكام لەو گەڕەكانە بەهۆی رەشەباوە نەبڕاوە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناكین.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم