نووسەر و تێكۆشەری دێرینی كورد هەڵۆ بەرزنجی، لە گوتارێكیدا باس لە ناپاكانی نوێی كورد دەكات و دەڵێت: جاران ناپاكان بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە دەموچاویان دادەپۆشی ، بەڵام ئێستە بەئاشكرا جاڕی ناپاكی دەدەن.
هەڵۆ بەرزنجی لە گوتارێكدا بەناوی "ناپاكی بەشەرتی چەقۆ" لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێت: هەموو لە بیرمانە لە ترۆپكی هێز و بكوژی رژێمی بەعسی دەوڵەتی داگیركەری عێراقیدا، ئەودەم ناپاك و سیخوڕ و خۆفرۆش و جاشەكان بە شەو یان بە رۆژ دەخرانە پێشی پیكاپەكانەوە بۆ ڕاوە ماڵی پێشمەرگە.
واتە ماڵی خوشك و دایك و برا و باوك و كەسوكاری پێشمەگە پێشانی هێزە تایبەتییەكانی (قوات خاصە) و ئاسایش و هەواڵگریی عەرەبیی عێراقی دەدرا بۆ ئەوەی بیانگرن و لە ئەمنەسوورەكە، هەیئەی كەركووك و زیندانی مووسڵ و ئەبوغرێبی بەغدا، ئەشكەنجە بدرێن و لە سێدارە بدرێن.
هەڵۆ دەنوسێت: ئەو رۆژگارە خۆفرۆشان دەموچاویان هەڵدەبەست تا كەس نەیانناسێ. پێشمەرگە شەو و رۆژێك رێیان دەكرد و گیانبازییان بە ژیانی خۆیان دەكرد دەهاتن بۆ تەمێكردنی ئەو خۆفرۆشانە.
"ئێستە سەردەمێكی ترە و ناپاك و خۆفرۆشان لە پێناوی چنگێ پوول و پارەی گڵاودا، رەشمەی داگیركەریان كردووەتە ملی خۆیان و دەمیان ژەنیوەتە ئاخوڕی خیانەتێكی بێ هاوتاوە و لە تیڤی و مینبەرەكانەوە جاڕی ناپاكی دەدەن". هەڵۆ بەرزنجی وادەڵێت.
بەرزنجی ئەوەشی گوت، ئەگەر گوێ لە قسە و بیركردنەوە و باسەكانی ئەم دوو كەسە "غالب و ئەحمەد حاجی رەشید" بگرن، دەزانن و تێدەگەن ناپاكی چەند ئاسایی بووە، ئەمانە چەند خۆشە بوون و تا چەند نوقمی ناپاكی بوون و چەند دابەزیون بەولای سووك و رێسواییەوە چوون.
هەڵۆ باسی لەوە كردووە، راستییەكەی میللتی زیندوو و رۆڵە تێكۆشەرەكانی، بنەماڵەی شەهیدان نابێ ئەم ناپاكییانە قبووڵ بكەن. ئەم مۆدێلە لە ناپاكی بە بەرچاوی گەلەوە شەرمەزارییەكی بێوێنەیە بۆ هەمووان.
باس لەوە دەكات كە لەو دۆخە سەختەی فەلەستیندا یەك تاك فەلەستینی بوێری ئەوەی تێدا نییە هەڵوێستێكی وا ئاشكرای ناپاكی بەرانبەر بە میلەت و نیشتمانەكەی بكات، یان ڤێتنامییەك نییە بەو ئاستە بۆ ئەمەریكاییەكان دژی بە ڤێتنام وەستابێتەوە. ئۆكرایناییەكان دژ بە ئۆكراینا بۆ سوودی رووسیا ناپاكی وا بكەن، كاتەلانییەك نییە بۆ چنگێ پارە مەدرید زاڵ بكات بەسەر بەرشەلۆنەدا.
هەڵۆ بەرزنجی دەڵێت: كەس كەس وا ناكات وەك ئەو گرووپەی بەدەنگی خەڵك كراونەتە بەناو پەرلەمەنتاری كورد بۆ ناپاكی لە بەغدا جێگیر كراون.
سەرەتا دەسەڵاتی كوردی تاوانبارە، چونكە هیچ پڕۆژەیەكی سەربەخۆیی نییە و تا ئێستە بە یاسا نەیتوانیوە سنوور و هێڵی سوور بۆ بەها نەتەوەییەكان دابنێ، هەڵوێستە لە ئاست ناپاكی نەتەوەییدا بكات.
ئەو نووسەرە ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر یاسا سەروەر بوایە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەهایەكی لای دەسەڵات هەبوایە، ئەم ناپاكانە و هاوشێوەكانیان شایستەی توندترین یاسای سزادانن -جگە لە كوشتن- دەكرانە پەند و رێسوای زەمانە. میلەتێكیش بەرژەوەندییە باڵاكان و بەها نەتەوەییەكان و سیمبولەكانی بە یاسا و رێسا لە پەرلەمان ئەو باسوخواستانە ڕێكنەخات، رووبەڕووی هەزران خۆفرۆشی تری رووداوی دڵتەزێنی لەم جۆرە دەبێتەوە.
لە كۆتاییدا هەڵۆ بەرزنجی تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمانە لە دەسەڵاتی كوردی ناڕازین و هەر رەخنە و سەرنجێكیان لەسەر كەموكوڕی و گەندەڵی دەسەڵاتی كوردی هەبێت رەوایە. رەخنە بگرن بێن لە شار و شارۆچكەكانی وڵات خۆپێشاندان بكەن، بەڵام هانابردن بۆ دوژمن و چاوساغی و رێنوێنی بۆ داگیركەر، ئەوە ناپاكییەكی بێ چەندوچوونە. وەك چۆن لە باوكت ناڕازیت، دەچیت پەلی پیاوی بێگانە دەگری دەیهێنیتە سەر دایكت. ئەمە كتومت وایە و خراپتریش.