بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رای گەیاند، دەستیان بەنوێكردنەوەی غەتاسی بیرەكانی ئاوی خواردنەوەی ناو سەنتەری پارێزگاكە كردووە و زیاتر لە 100 بیریان چاك كردووەتەوە.
بەهۆی وەرزی گەرماوە خواست لەسەر ئاو زۆر بووە و بیرەكانی هەولێر بەردەوام ئاویان لێ دەردەكرێت، ئەمەش وایكردووە بەشێك غەتاس و كارپێكەرەكانی تر لە كار بكەون و كێشە بۆ ئاوی ماڵان دروست بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر هەڵمەتێكی چاككردنەوە و نوێكردنەوەی بیرەكانیان دەست پێ كردووە تا هازوڵاتییان كێشەی بێ ئاوییان نەمێنێت.
بەڕێوەبەرایەتیییەكە دەڵێت: بیرەكانی ئەو گەڕەكانەی هەولێر كە كاری نوێكردنەوەیان بۆ كراوە، بریتین لە گەڕەكەكانی دێی مامۆستایانی زانكۆ، تۆبزاوەی ئەحمەد، 11ـی ئادار، كارگەكان، ژیان، دارەتوو، عەنكاوە، سەربەستی، گردەڕەشەی گەورە، كورانی عەنكاوە، رۆشنبیری، پیرزین، بەحركە، زیلان، سێبیران، توڕەق، ژیان، كەسنەزان، شاوێس، كۆلەكی گەورە، كەڕك و كەلەكین.