یەكێتی عەلی حەمەساڵحی بایكۆت كرد

:: AM:11:35:08/07/2025 ‌
میدیاكانی یەكێتی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی عەلی حەمەساڵح بایكۆت دەكەن و چیتر تێیدا ئامادە نابن، چونكە قسەكانی لەگەڵ راستی یەك ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تەمووز، وەك كاری پێشووی، عەلی حەمەساڵح كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ئەنجام دا و دیسان هەمان ئەو قسانەی دووبارە كردەوە كە مەترسیی لە رێگەیە و دەبێت هەموو شتێك رادەست بكرێت.

دڵشاد محەمەد چالاك، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو كابرایە نەك زانیاری نییە، بەڵكو لە هیچ شوێنێكی دۆخەكە نییە.

زیاتر گوتی، چەندان زانیاری هەن كەسی نزیك لە خۆی دەڵێن، ئەو كۆمێنت هاووڵاتییان و هەواڵ دەخوێنێتەوە، شتێك سەرنجی رابكێشێت دەیكاتە هەواڵ و زانیاریی خۆی و بڵاوی دەكاتەوە.

ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ عەلی، میدیاكانی سلێمانی و بەدیاریكراوی یەكێتی، بایكۆتی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیان كرد.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هۆكاری ئەو بایكۆتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە میدیاكانی یەكێتی تێگەیشتوون لەوەی هیچ زانیارییەك لەلای ئەو كەسە نییە، هەموو جارێك تەنیا دەڵێت دەبێ هەموو شتێك رادەست بكەن.

ئەوەش زانراوە ئەو میدیایانە پێیان وایە، عەلی نە زانیاریی لەلایە و نە هیچ لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە ئەگەر بكرێت دەزانێت، بەڵكو ئەوەی لە میدیاكان باس دەكرێت، دێت لە كۆنگرەیەكی رۆنامەوانیدا شی دەكاتەوە و قسەی خۆی تێدا دەكات.


وشە - رامیار جەواد