راوێژكارێكی یاسایی رای دەگەیەنێت، ئەوەی عێراق بۆ رێككەوتن داوای دەكات پێچەوانەی دەستوورە، نووسەرێكی دیاری كوردستانیش رای دەگەیەنێت، ئەو ماراسۆنەی بەغدا دەستی پێ كردووە، دەوڵەتی تریش بەشدارن، عێراق خۆیشی هەرێمی كوردستان وەك وڵاتێكی بیانیی داگیركراو سەیر دەكات نەك هەرێمێك.
ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تەمووز، سەمەد فەتاح راوێژكاری یاسایی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەگەر كار بە دەستوور بكرێت، رێككەوتن لە دەرەوەی دەستوور نایاساییە، ئەوەشی عێراق بۆ رێككەوتن لەگەڵ كوردستان دەیكات بەپێی مادەی 37ـی دەستوور و دەسەڵاتە داراییەكان نایاساییە.
زیاتر گوتی، دەستوور بودجەی وڵات و هەموو شتێكی دیاری كردووە، بەڵام ئێستە عێراق كار بە هیچ بڕگەیەك لە دەستوور و یاسا ناكات، ئەوەی ئێستە لە عێراق حوكم دەكات، چەند گرووپێكی پاڵپشتیكراو بە میلیشیان و دەستێكی هەرێمییە.
سۆران سێوكانی نووسەر دەڵێت، نازانم دانوستان دەگات بە كوێ، بەڵام ئەودیوی ئەم ماراسۆنە دەوڵەتی تریشی تێكەوتووە.
دەشڵێت، عێراق خۆیشی هەرێمی كوردستان وەك وڵاتێكی بیانیی داگیركراو سەیر دەكات نەك هەرێمێك، دەنا ئەگەر گەلی كوردستان وەك هاووڵاتی عێراقی سەیر بكرانایە، بەو شێوەیە هەڵسوكەوتی نەدەكرد.
باس لەوەش دەكات، دەبوو عێراق هیچ نەبێت خەڵكیی هەرێمی كوردستان وەك خەڵكی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین سەیر بكات و مووچەیان نەبڕێت.