دوو گەڕەكە گەورەكەی هەولێر ئاویان باش دەبێت

:: PM:01:06:08/07/2025 ‌
دوو لە گەڕەكە گەورەكانی هەولێر ئاویان باش دەبێت و خەڵك وا دەزانن كە ئاوی پڕۆژە نوێیەكەیان پێگەیشتووە، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر قسەی جیاوازی هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تەمووز، رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، راستە لە دوو گەڕەكە گەورەكەی هەولێر پێدانی ئاو باش بووە كە پێنجی حەسارۆكان و فەرمانبەرانە.

زیاتر گوتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن ئاوی ئیفرازی فریاگوزاریی هەولێر كە پڕۆژە نوێیەكەیە، بۆیان بەردراوەتەوە ڕاست نییە، بەڵكو پێداچوونەوەیەك بە بۆڕییەكان كراوە و لاینێك بۆ ئەو دوو گەڕەكە زیاد كراوە، بۆیە ئاویان باش بووە.

باسی لەوەش كرد، بە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر، ئاوی ئەو گەڕەكانە زۆر باشتر دەبێت و كێشەكەیان نامێنێت.

گەڕەكی پێنجی حەسارۆك و فەرمانبەران ساڵانە لە وەرزی هاوین زۆرترین كێشەی ئاویان هەیە، بۆ ئەمساڵ بەهۆی تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، ئەو كێشەیەیان بە تەواوەتی كۆتایی دێت.



وشە - رامیار جەواد