حەكیم تیلی: لە كابینەی نۆدا 726 پڕۆژە لە سۆران جێبەجێ كراون

:: PM:01:43:08/07/2025 ‌
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رای گەیاند، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا، 726 پڕۆژەی جێبەجێ كراون، لەو ژمارەیە 252 پڕۆژەیان بۆ ڕێگەوبانەكان تەرخان كراوە.

حەكیم تیلی پیشتر سەرۆكی شارەوانیی سۆران بوو، دوای ئەوەی  لە ساڵی 2021 بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سۆران بووە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، ئەویش وەك جێگری ئیدارە دەستبەكار بووە.

ئەو بەرپرسە لە گفتوگۆی بازنەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی  گوتی، رێگەوبان ژێرخانێكی زۆر گرنگە بۆ هەر وڵاتێك، بۆ ئەوەی ناوچە جیاوازەكانی پێكەوە گرێ بداتەوە، بۆیە ئەگەر باس لە ژێرخانی ڕێگەوبانی ستاندارد بكەین، ئەوا دەتوانم بڵێم وەك ستوونی بڕبڕەی پشتی مرۆڤ وایە، ڕێگەی ستاندارد دەبێتە هۆكاری بووژانەوەی «بازرگانی، ئابووری، گەشتیاری و دۆزینەوەی هەلی كار»، بۆیە ڕاشكاوانە دەتوانین بڵێین «ڕێگەوبانی ستاندارد» وەك بزوێنەری سەرەكییە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی و تەنانەت كۆمەڵایەتیش.

ئەوەشی گوت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵی 2021 لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك ئیدارەیەكی سەربەخۆ هاتە كایەوە، ئامانج لە هێنانە كایەی ئەم ئیدارە سەربەخۆیە، ئەوەبوو كە بەشێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە بكرێت و خزمەتگوزاریی زیاتر دابین بكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئێستە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێكهاتووە لە شەش قەزا و 13 شارەدێ و 580 گوند، كە ژمارەیەك گوندی تریشمان هەیە كە تا ئێستە ئاوەدان نەكراونەتەوە.

گوتیشی، ئیدارەی سۆران ڕووبەرێكی زۆر فراوانی هەیە. یەكێك لەو ئاڵنگارییانەی لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەو ڕووبەرە فراوانەیە، بۆیە ئەگەر بە زمانی داتا و ژمارە باسی بكەم، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ماوەی تەنیا ئەو چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا، 726 پڕۆژەی جێبەجێ كردووە، لەو ژمارەیە 252 پڕۆژەیان بۆ ڕێگەوبانەكان تەرخان كراوە، بەپێی داتاكان ڕێژەی 35%ی بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ پڕۆژەكانی ڕێگەوبان تەرخان دەكرێت، ئەمەش لەوانەیە كاریگەریی لەسەر پڕۆژەكانی تر هەبێت.

ئەوەشی گوت كە لەم لایەنەوە پێشنیاری ئێمە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە حوكمی ئەوەی جیۆگرافیاكەی سەرسنوورە و ڕێگەی سەرەكیی بازرگانییە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، ئەوا پێویستە ئەو ڕێگەیەی كە لە حاجی ئۆمەران، یان سپیلك دروست دەكرێت، وەك ڕێگەیەكی گشتی بۆ هەموو كوردستان لە قەڵەم بدرێت و لەسەر بودجەی ئیدارەی سۆران جێبەجێ نەكرێت.

زیاتر روونی كردەوە كە ئەمەش لەبەرئەوەیە ئەو ڕێگەیە كوردستان بە دەوڵەتانی دراوسێوە گرێ دەداتەوە و تەنیا ئیدارەی سۆران سوودی لێ وەرناگرێت، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش تەرخانكردنی بڕی 35%ی بودجەی ئیدارەی سۆران بۆ پڕۆژەكانی ڕێگەوبان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم ئیدارەیە بڕوای بەوە هەیە ژێرخانی ستانداردی ڕێگەوبان، دەروازەیەكی هەرە گرنگە بۆ گەشەسەندن و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكەمان.

ئەو بەرپرسەی سۆران باسی لەوە كرد، لە بواری پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لە دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆ سۆران، هەنگاوی باشمان هەڵگرتووە، بێجگە لەو 252 پڕۆژەیە كە ئاماژەم پێ كردن، چەند پڕۆژەیەكی تری ڕێگەوبانمان هەیە كە پڕۆژەی گەورە و ستراتیجین.

 هاوكات گوتی، لە دەستپێكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە بە دوو ئاراستە كارمان كردووە، ئاراستەیەكیان "پڕۆژە ستراتیجییەكان" بووە، لەمەدا هەوڵمان داوە كە پارێزگای هەولێر ببەستینەوە بە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە و سوودێكی گەورەی بازرگانی دروست بكات، بێگومان دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییەش بكەین كە دروستكردنی ڕێگەوبان، دەرفەتێكی گەورە بۆ هەلی كار و ئاوەدانی بۆ ناوچەكان دروست دەكات.

هەروەها گوتی، ئێمە ئێستە دەستمان كردووە بە پڕۆژەی 10 كیلۆمەتریی ڕێگەی سەرەكیی حاجی ئۆمەران– چۆمان، ئەم ڕێگەیە بەشێوازێكی ستاندارد و سەركەوتووانە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم پڕۆژەیە بە ئاراستەی سۆران «كە دەبێتە 29 كیلۆمەتری» ڕێگەیەكی دووسایدی ستاندارد لە نێوان سۆران و حاجی ئۆمەران، كارەكانی دیزاین و پلانی تەواو بووە و دراویشە بە كۆمپانیا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زۆر ستاندارد ئەو پڕۆژە ستراتیجییە جێبەجێ بكرێت.

"لەسەر ئاستی شەقامە ناوخۆییەكان چەندان پڕۆژەی گرنگی شەقامەكان و پردی ئۆڤەرپاس و یەكتربڕ و هەروەها چەندان شەقامی 40 مەتری و 20 مەتری ئەنجام دراون، كە بەشەكانی شارەكە پێكەوە دەبەستێتەوە، هەروەها ڕێگەوبانەكان بۆ هەر پێنج قەزا و دەروازەی «زێت» كە گرێ دەدرێنەوە بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی گرنگی ڕێگەوبانی ستاندارد ئەنجام دەردێت، بەشێكیان تەواو بوون و ئێستە هاووڵاتیان سوودی لێ وەردەگرن." حەكیم تیلی وای گوت.




وشە - سۆران عەزیز