ھەركی: ھەندێك لایەنی ناوخۆ بوونەتە جاش و سیخوڕی عێراق

:: PM:05:22:08/07/2025 ‌
پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان رای گەیاند، ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و عێراق دانوستان دەكەن بۆ رێككەوتن، ھەندێك لایەن لە ھەرێم بوونەتە جاش و سیخوڕ بۆ عێراق، كە ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانە بەھیچ شێوەیەك نوێنەری خەڵكی كوردستان نین.

سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە ھەموو لایەنەكان پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن، بەھۆی ئەو ئاڵنگارییەی بەغدا لە ھەرێمی كوردستان دەیكات كە پێویست بوو ھەمووان یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست بن، بۆیە حكوومەت دانوستان دەكات، ھەندێك لایەن و پەرلەمانتار دژی دانوستان و رێككەوتنن و دژایەتیی خەڵكی كوردستان دەكەن، ئەمەش بەڕاستی كارەساتە و ئەوانە ئۆپۆزسیۆن نین و جاش و نۆكەری عێراقن.

هەركی گوتی، ئەوانەی خۆیان كردووە بە ئۆپۆزسیۆن و بەڵگە بۆ بەغدا دەبەن، ئەوانە نوێنەری خەڵكی ھەرێمی كوردستان نین و دوژمنی كوردن، نوێنەری عێراقن و سیخوڕی بۆ عێراق دەكەن. خەڵكی ھەرێمی كوردستان ئێستە باش ئەوانە دەناسێت و دەزانن ئەوانە چەندە دژی خەڵكن، ھیچ كات پشتگیرییان لە خەڵكی كوردستان نەكردووە و لە خۆیانەوە تۆمەت بۆ ھەرێمی كوردستان دروست دەكەن، ئەوانە نۆكەر و جاشی عێراقن و هیچ بنەمایەك بۆ قسەكانی ئەوان نییە.

ھەركی باسی لەوە كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دانوستانی شەفاف ئەنجام دەدەن و ھەمووشی ڕوون و ئاشكرایە، بەغدا ستەم لە خەڵكی كوردستان دەكات و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەركی خۆی جێبەجێ كردووە، بەداخەوە ھەندێك لایەنی ناوخۆ دێن تۆمەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بۆ حكوومەت و ھەرێمی كوردستان دروست دەكەن و پشتگیری لە عێَراق دەكەن دژی ھەرێمی كوردستان.

وشە/ بڵند ئیبراھیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم