بۆ قوتابییانی پۆلی 12... تەنیا دوو رۆژ دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان ئەنجامەكان راگەیەنرا

:: PM:08:00:08/07/2025 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەم، هەشتی تەمووزی 2025، بە فەرمی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 ڕاگەیاند، قوتابییان دەتوانن لە ئێستەدا لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن"ـەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، کە دوای تەنیا دوو ڕۆژ لە تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان بڵاوکرایەوە، ئەنجامەکان لەسەر ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" (e-halsangandn) لەسەر هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس (Android و IOS) بەردەستن.

بینینی وەڵامەکان (پەڕەی سۆما):
هەروەها، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەعات 10ی ئەمشەو، لینکێکی تایبەت لە پەیجی فەرمیی وەزارەت دادەنرێت بۆ بینینی وەڵامەکانی قوتابیان (پەڕەی سۆما). لە رێگەی ئەم لینکەوە، قوتابی دەتوانێت بە شێوازی دیجیتاڵی وەڵامەکانی خۆی لەگەڵ وەڵامی نموونەیی دروست بەراورد بکات.

پەڵپگرتن (اعتراض):
لەبارەى ئەو قوتابییانەی کە دەیانەوێت پەڵپ (اعتراض) لە ئەنجامەکانیان بگرن، دەتوانن لە قوتابخانەکانیان فۆرمی تایبەت پڕ بکەنەوە. پڕۆسەی وەرگرتنی پەڵپ لە ڕێکەوتی نۆی تەمووزەوە دەست پێ دەکات و تا کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی 17ی تەمووز بەردەوام دەبێت. وەزارەت دڵنیایی داوە کە بە وردی لە ئەنجامەکان دەکۆڵنەوە.

لە کۆتاییی ڕاگەیەنراوەکەدا، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان سوپاسگوزاریی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە کردووە کە بەشدارییان لە سەرخستنی پڕۆسەکەدا کردووە، لە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانەوە تا کارگوزارانی هۆڵەکان، هەروەها پیرۆزبایی لە قوتابییە دەرچووەکان کراوە و هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو قوتابییانە خوازراوە کە لە خولی دووەمدا بەشداری دەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود