پەیامی بەپەلەی ئەمەریكا لەبارەی كێشەی مووچەی هەرێم

:: AM:02:50:09/07/2025 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە پەیامێكی ڕوون و ئاشكرادا بۆ هەولێر و بەغدا، چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بە پرسێكی چارەنووسساز بۆ داهاتووی وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە عێراقدا لەقەڵەم دا.

ئەمشەو سێشەم هەشتـی تەمووزی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، تامی برووس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، دووپاتی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی واشنتن كردەوە و ڕای گەیاند كە وڵاتەكەی چیتر پرسی مووچە بە تەنیا پرسێكی ناوخۆیی نازانێت، بەڵكو وەك "سیگناڵێكی گرنگ" بۆ كۆمپانیاكانی دەیبینێت.

برووس گوتی، چارەسەركردنی پرسی مووچەكان، كە ماوەیەكی زۆرە بەردەوامە، ئاماژەیەكی ڕوون دەنێرێت كە ئایا عێراق ژینگەیەكی لەبار دروست دەكات كە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ئارەزووی وەبەرهێنانی تێدا بكەن.

ناوبراو دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام هانی هەولێر و بەغدا دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە رێگەی "گفتوگۆی بنیادنەرانە"وە و ڕوونی كردەوە كە چارەسەرێكی سەركەوتوو، "سیگناڵێكی ئەرێنی" دەبێت بۆ هاوكاریی فراوانتر لە بوارەكانی وزەدا، وەك كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا و پەرەپێدانی زیاتری كەرتی وزە بە بەشداریی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان.

ئەم لێدوانانە دوای ئەو سەركەوتنە دیپلۆماسییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت كە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، چەندین گرێبەستی ستراتیجی لە بواری وزەدا لەگەڵ دوو كۆمپانیای گەورەی ئەمەریكی واژوو كرد.

ئەوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ئێكس" نووسیبووی: "خۆشحاڵین كە دەبینین پێوەندی بازرگانیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستانی عێراق، بە واژووکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریكاییەکان فراوانتر دەبێت."

لێدوانەكانی ئەمشەوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، پەیامێكی ڕوونە بۆ بەغدا كە جیهان و بەتایبەتی ئەمەریكا، چاوەڕێی هەنگاوی كردارییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەتیش پرسی مووچەی خەڵكی كوردستان، كە كلیلی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ناوچەكەیە و دەرگایەكی سەرەكییە بۆ هاتنی وەبەرهێنانی بیانی.




وشە - پۆڵا مەحموود