دوو ملیۆن هاووڵاتی لە كارەبای 24 سەعاتی سوودمەند دەبن

:: AM:10:11:09/07/2025 ‌
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناكیدا، كارەبای 24 سەعاتی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاونیشتمانی كە دەكاتە نزیكەی 30%ـی كۆی دانیشتووان، بەهۆی پڕۆژەكەوە زیاتر لە دوو هەزار و 100 موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكاندا كوژێنراونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تەمووز، لە راگەیەنراوێكدا كە پڕۆژەی رووناكی بڵاوی كردووەتەوە، پڕۆژەی رووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی، فراوانتر كراوە و ئێستە زۆرینەی هاووڵاتییانی شارەكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی سوودمەندن. فراوانبوونەكە تەواوی بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانیی گرتووەتەوە.

دەشڵێت، ئەم دەستكەوتە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دابینكردنی كارەبایەكی بەردەوام و هەرزانتر، لەپاڵ ژینگەیەكی پاكتر.

بەپێی ئامارەكانی پڕۆژەكە، لەگەڵ ئەم فراوانبوونە نوێیەدا، ژمارەی سوودمەندان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی و 544 هەزار هاوبەش، هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 100 موەلیدەی كارەبای تایبەت كە بە گازوایل كاریان دەكرد، كوژێنراونەتەوە.

پلانی حكوومەتیش ئەوەیە تا كۆتایی ساڵی 2026، زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی تر بكوژێنێتەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە بەهۆی نرخە نوێیەكانی كارەباوە، 80%ـی هاونیشتمانییان پارەیەكی كەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بە كارەبای نیشتمانی و موەلیدەی ئەهلییان دەدا. وەزارەتەكە دەڵێت، نرخە نوێیەكان بۆ پاراستنی خێزانە كەمدەرامەتەكان و هاندانی بەكارهێنانی بەرپرسیارانەی كارەبا دانراون.

پڕۆژەی رووناكی لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەنرا و لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند كرا. ئامانجی پڕۆژەكە گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتییە بۆ سەرجەم ماڵان و شوێنە بازرگانییەكان تا كۆتایی ساڵی 2026.




وشە - رامیار جەواد