دوای هەواڵێكی "وشە" بانگەوازی دۆزینەوەی تەرم لە لالەزار دەكرێت

:: PM:06:39:23/08/2025 ‌
دوای ئەوەی "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردەوە كە بە دەیان كەس لە لەلازار دیار نەماون و بێسەروشوێنن، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بانگەواز بڵاو دەكەنەوە. 

دوای زیاتر لە 48 سەعات لە رووداوەكەی لالەزار و هێرشی چەكدارانی یەكێتی بۆ گرتنی لاهوور شێخ جەنگی، هێشتا دەیان كەس كە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بوون، بێسەروشوێنن و هیچ ئامارێكی فەرمی قوربانییانیش بڵاو نەكراوەتەوە.

شەوی 21 لەسەر 22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار كە شوێنی ژیانی لاهوور شێخ جەنگی و ماڵباتەكەیەتی، دوای سێ‌ سەعات رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای گیران.

عەلی حەمەساڵح بڵاوی كردەوە، خەڵكێكی زۆر پێوەندی دەكەن، كوڕ و كەسوكاریان دیارنین كە ئایا گیراون یان كوژراون لە لالەزار، بۆیە پێویستە چارەنووسی هەموویان دیاری بكرێت.

ئەو دەڵێ‌، زۆرێك لەمانە كوڕی هەژاری ئەم هەرێمەن، كارمەندی فەرمی حكوومەت بوون و مووچەیان لەسەر حكوومەتی هەرێم بووە، كە ئێستە كەسوكاریان باس لە كوشتنی 20 بۆ 30  كەس دەكەن.



وشە - وشه‌