رۆژنامەنووسێكی سلێمانی رای گەیاند، ئەوەی ئێستە بافڵ بەناوی كودەتاوە دەستی پێ كردووە، دەبێتە رێچكەیەك و گەڕانەوەی نییە و هیچ شتێك ناچێتەوە شوێنی خۆی.
رەخنەكان لەسەر هێرش و پەلاماری یەكێتی بۆ سەر لاهوور و حزبەكەی بەردەوامە، سەردەشت حەمەساڵح كە تەمەنێك لەناو میدیای و نزیكی یەكیـَتی كاری كردووە و دەڵێت، ئەوەی 22 ی ئاب لە سلێمانی رووی دا، هەڵەی بافڵ و لاهوور بوو. ئەوەی ئەو رۆژە رووی دا دەبوایە ئەو بابەتە لە هەشتی تەمووزدا كۆتایی پێ بهێنرایە. دەبوو ئەوكات بافڵ كارەكەی كۆتایی پێ بهێنایە. هەر ئەوكاتیش لاهوور دەبوو رووبەڕوویان بووایەتەوە، چونكە من پێ موایە هەر لە سەرەتاوە غەدر لە لاهوور كرا و ئەو كێشەیە بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵ كرا.
سەردەست دەنووسێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو حزب، لەناو رێكخراو، لەناو دامەزراوە و سوپا یان دەوڵەت، ئەگەر كودەتا ڕوو بدات، ئیتر ئەو شوێنە رێچكەی كودەتا وەردەگرێت و ئیتر ئەو لەجێچوونە ناچێتەوە جێی خۆی.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی گوتووە، لە كۆنگرەی چواردا كودەتا كرا، حزب بۆ لاهوور و بافڵ یەكلا كرایەوە و مۆنۆپۆڵی هەموو شتێكیان كرد. وەك پێشتر گوتم كە ئاوی كودەتا رژا ئیتر ئەو رێچكەیە جێگە دەگرێ و هەروا دەڕوا. دواتر بافڵ هەستا و كودەتای كردەوە و لاهووری دەرپەڕاند. ئێستەش كە باس لەوە دەكرێ ویستراوە كودەتا بكرێ، هەر ئەمەش وایكرد كە پەلاماری لالەزار بدرێ.
"ئەگەر ئەو باسی كودەتایە راست بێت یان سیناریۆ، هەر روو دەدات. من پێم وایە ئێستەش نەبێت لە كاتێكی تریش بێت تازە حزبەكە فێری كودەتا بووە، هەر دەكرێت. دواتریش كودەتا بەسەر ئەوانەشدا دەكرێتەوە كە دوای بافڵ دێن". سەردەشت حەمەساڵح وای گوتووە.
باسی لەوەش كردووە، هیچ كات هێز نەیتوانیوە هەتا سەر رێگر بێ لە كودەتا و لە پاراستنی كورسی. بۆیە باشترین چارەسەر بۆ گەڕانەوە بۆ رێچكە راستەقینەكە و چاككردنەوەی لە جێچوونەكە، مامەڵەی ئەقڵانی و چارەسەری دیموكراسییانەیە.
سەردەشت ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر یەكێتی بیەوێ خۆی دەرباز بكات لە پەتای كودەتا، ئەوا پێداچوونەوەیە بە كۆی جومگەكاندا و لە قاڵبدانی هێزەكانیەتی نەك زەبەلاحكردنیان. دەبێ دەسەڵاتدارانی ئێستەی حزبەكە بزانن كە یەكێتی چۆن گەورە بووە و چۆن پەروەردە كراوە و جۆش دراوە، رێگە بە مینبەری و رای جیاواز بدەن، نەك وەك ئێستە.
"جاران ئەگەر لەسەر سیاسەت و هەنگاوێك بۆچوونی جیاوازمان هەبوایە، لەناو یەكێتیدا چەند دەرگایەك هەبوو پێیدا دەچووینە ژوورەوە. ئەگەر كاك كۆسرەت گوێی نەگرتایە، هێرۆخان. ئەگەر هێرۆخان گوێی نەگرتایە كاك مەلا بەختیار و عومەر فەتاح و حاكم قادر. ئەگەر ئەوانیش گوێیان نەگرتایە، لە رۆژنامەی ئاوێنە و هاووڵاتی رەخنەمان دەگرت و رای گشتیمان لەناو كادراندا دروست دەكرد".
سەردەشت گوتی، ئێستە ئەوە نییە، كەس گوێ ناگرێ و كەس هیچی بەدەست نییە و كادریش پەراوێز خراوە، تەنیا و تەنیا بافڵ و قوباد هەن، ئەی ئەگەر گلەییەكان لەوان بوو چی؟ كەواتە پەنگخواردنەوە دروست دەبێت. ئێ پەنگخواردن و تووڕەبوونەكان كەڵەكە دەبن و بۆ هەڵڕشتن دەگەڕێن.
هەرچەندە ئەوەی ماوەی پێشوو كە مقۆمقۆیەك لە ئارادا بوو، گوایە كۆمەڵێك ناڕازی كودەتا دەكەن. سەردەشت دەڵێت: من پێم وایە ئەوە كودەتا نەبووە و تەنیا هەڵاوسانێكی تووڕەیی بوو. ئاخر كودەتا زۆر لە ناكاوە، زۆر نهێنی و نەزانراوە، ئەمەی رابردوو لە كافتریاكانیش دەمبیست، كەوابوو ئەوە جگە لە نیگەرانی و تووڕەیی ناتوانرێ پێی بگوترێ كودەتا. بەڵام دەكرێ وەك بێدەنگی پێش زریان تەماشا بكرێ. دەكرێ زەنگێك بێت بافڵ وەك سەرۆكی حزبەكە گوێی لێ بێت و رێگەچارەسەرەكان بدۆزێتەوە، نەك بەهێز، بەڵكو بە چارەسەری گرفتەكان.
لە رووداوەكەی لالەزاردا راستە لاهوور گیرا، بەڵام بافڵ دۆڕا
ئەو رۆژنامەنووسەی سلێمانی باسی لەوە كردووە، بەكارهێنانی تانك و درۆن و جۆرەها چەكی قورس و ئەو هەموو هێزە سەربازییە، جگە لەوەی هەڵەیەكی كوشندە بوو بۆ سلێمانی، لاهوور جەنگی گەورەتر پێشان دا. سۆزی زۆرینەی بۆ لاهوور راكێشا. ئێستەش هەڵە بە هەڵەی تر مەسپێرن و چارەسەری ئەقڵانی بۆ دۆخەكە بدۆزنەوە. رای گشتی ناوەوە و دەرەوە بە سیناریۆ راست نابێتەوە. سەرۆكی یەكێتی دەبێت دوور لەم كێشەیە بڕوانێ و لێكەوتەكانی ببینێ. پێم وایە دەرفەتی چارەسەر ماوە. وەك دەگوترێ زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە باشترە.