دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێك لە گیراوەكانیان كرد لە شاری سلێمانی. بەپێی قسەی ئەوان دۆخی تەندروستی لاهوور شێخ دەنگی باشە و داوای پەرتووكی كردووە.
شاندێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەردانی شاری سلێمانییان كرد و لە گرتووخانەی كانی گۆمە، چاویان كەوت بە لاهوور شێخ جەنگی، لە نزیكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ كرد لەبارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و ڕێكارەكان پرسیاریان لێ كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوی دەستەكە، لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە تەندروستی باشە و لە ژوورێكی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستییەكانی بۆ دابین كراوە، هەروەها بەڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەكەی قسەی كردووە.
باس لەوەیش كراوە كە داوای پەرتووكی كردووە و لە ئاسایش كومەڵێك پەرتووكیان بۆ هێناوە، لەوكاتەی كە هاتووە بۆ گرتووخانەی ئاسایش لە كانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشكەنجەیەك نەبووەتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی داوای كردووە دۆسیەكەی بەڕێكاری یاسایی بڕوات و دەستەش چاودێریی بكات.
هەروەها لەسەر ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژە گوتی، زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا و حكوومەتی هەرێمی لێ ئاگادار كردووەتەوە كە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە دا، مافی جەنگییە ڕێگە بە پارێزەرەكانی بدرێ سەردانی بكەن، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پرسەش چارەسەر بكرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەكان.
هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ توندوتیژییەكی بەرانبەر نەكراوە، هیچ ددانپێدانێكی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە، هەروەها لە وەڵامی پرسیاری تیمی دەستە لەبارەی ڤیدیۆكردن لە كاتی لێكوڵینەوەدا گوتی، هیچ كامێرا و ئامێری تۆماركردن نەبووە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا.
دواتر تیمەكەی دەستە چاویان بەبەشێك لە گیراوەكان كەوت كە وەك ئەندامی هێزەكەی لاهوور شێخ جەنگی ناسراون، بەپێی بەدواداچوونی شاندەكەی دەستە، ژمارەیان 162 كەسن و ئاسایش گوتی ژمارەی كوژراوەكانی هەردوولا پێنج كەسن. هەروەها ئاماژەیان پێ كرد كە ڕۆژانە ڕێگە بە بەشێك لە كەسوكاریان دراوە سەردانیان بكەن. ئێستە شوێنیان باشە و لەو كاتەی هێنراونەتە ئاسایش، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژییەك نەبوونەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ ڕای دەگەیەنێ كە هەر كەسێكی نادیار و بێ سەروشوێنە لەو ڕووداوە، كەسوكارەكەی دەتوانن سەردانی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بكەن بۆ سۆراخكردنی.