نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی فڕەنسا سەردانەکەی ماکرۆن و هەڵبژاردنەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد

:: PM:10:42:02/09/2025 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم دووی ئەیلوولی 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق کرد. لە دیدارێکدا، هەردوولا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێم، هەردوولا پێوەندییەکانی فڕەنسایان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ هەڵسەنگاند و دووپاتیان لە فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە.

دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.


وشە - پۆڵا مەحموود