دوای قۆناغی تاقیکردنەوەی کارەبای 24 سەعاتی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران پلانی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی فەرمیی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکات و بڕیارە لە یەکێک لە دوو بۆنە نیشتمانییەکەی مانگی ئەیلوولدا، قەزای ناوەندیی سۆران بە فەرمی ببێتە خاوەنی کارەبای 24 سەعاتی.
ئەمڕۆ سێشەم، دووی ئەیلوولی 2025، ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پاش تەواوبوونی کاری تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، زیاتر لە 48 سەعاتە ناوەندی قەزای سۆران بە شێوەی تاقیکردنەوە خزمەتگوزاریی 24 سەعاتی وەردەگرێت.
ئامانجی سەرەکی لەم قۆناغە ئەزموونییەدا، دۆزینەوەی هەر کێشەیەکی تەکنیکی و چارەسەرکردنیەتی پێش ئەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پڕۆژەکە ڕابگەیەنێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران ئاماژەی بەویەش کرد کە کاری تیمەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە و گوتی، کارەکان لە ڕواندزیش تەواو بوون و پاشان تیمەکان لە گوندەکان دەست پێدەکەن. هەر شوێنێک کاری تێدا تەواو بێت، بە هەمان شێوەی ئەزموونی دەبێتە 24 سەعاتی.
ئەردەوان ئیبراهیم دووپاتی کردەوە کە بۆ مانگی تشرینی یەکەم، تەواوی ئیدارەی سۆران دەبێتە خاوەن کارەبای 24 سەعاتی. سەبارەت بە قەزای ناوەندیی سۆرانیش گوتی، بڕیار وایە لە یەکێک لەم دوو وادەیەدا بە فەرمی ڕابگەیەنرێت: یان لە 14ی ئەیلوول کە ساڵوەگەڕی بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆیە، یان لە ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان.
وشە/ سۆران - کرمانج فەتاح