مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەی رووداوەكەی لەلالەزار چییان گوت؟

:: PM:06:01:03/09/2025 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا، بە وردی باسی رووداوەكانی 22ی ئابی شەڕی لالەزار كراوە، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەرباری نیگەرانییەكانی، داوای لە قوباد تاڵەبانی كردووە روونكردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە بدات. 

بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، كە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك كەس، سەرۆك وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی كردەوە، پێویستە كێشە و ناكۆكییەكان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بكرێن.

مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان داوای لە جێگرەکەى كرد، ڕوونكردنەوە لەبارەی ڕووداوەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بخاتە ڕوو.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، بەوردی باسی رووداوەكانی كرد، كە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 2025 ڕوویاندا، ئاماژەی بەوەشدا؛ هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروستبكرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چوار كاتی جیاوازدا، گوتیشی، بۆیە ئەوەی كە كرا پووچەڵكردنەوە ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستەش ڕێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەكلا كردنەوە ئەو بابەتە.

بەرەبەیانی 22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار، دوای شەڕ و ئاڵۆزییەكی زۆر و بڵاوكردنەوەی هێزی زۆر، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای گیران، لە ئەنجامی ئەو شەڕەشدا چەندان كەس كوژران و سووتان و بێسەروشوێن بوون.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم