سەرۆكی شارەوانی پاریس: زۆر قەرزداری پێشمەرگەین و پەیكەرەكەیان لە ئۆفیسەكەم دادەنێم

:: PM:03:56:05/09/2025 ‌
ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئەیلوولی 2025، وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان لە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە لە پاریس، سەرۆک مەسعوود بارزانی پەیكەرێکی پێشمەرگەی وەک دیارییەکی ڕەمزی پێشکەش بە ئان ئیدالگۆ، سەرۆكی شارەوانی پاریس کرد.

ئان ئیدالگۆ بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دیارییەکەی وەرگرت و لەبەردەم سەرۆک بارزانیدا بەڵێنی دا پەیكەرەکە لە شوێنێکی دیاری ئۆفیسەکەیدا دابنێت و گوتی: ئەمە دەبێت لەناو ئۆفیسەکەی مندا بێت. هەموو میوانێک کە دێت دەبێت بیبینێت.

سەرۆكی شارەوانی پاریس دووپاتی کردەوە و گوتی، ئێمە زۆر زۆر قەرزداری پێشمەرگەین.

ئەم دیارییە لە پەراوێزی ئەو ڕێوڕەسمە مێژووییەدا دێت کە ئەمڕۆ لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆێن' بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو، تێیدا پەردە لەسەر تابلۆی ڕێڕەوی "پێشمەرگە" لادرا. ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگەوە لە دڵی پاریسدا و پێشکەشکردنی ئەم پەیكەرە، گوزارشتە لە پێزانینی قووڵی فڕەنسا بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی بەها مرۆییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود