وەزیری كارەبا: كابینەی نۆ توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات

:: PM:01:02:10/09/2025 ‌
وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كابینەی نۆی توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات و زیاتر لە سێ‌ هەزار موەلیدە بكوژێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی ئەیلوول، كەمال محەمەد وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كابینەی نۆ توانی كێشەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنی وەك كارەبا چارەسەر بكات، بەهۆیەوە سێ‌ هەزار و 222 موەلیدە كوژێنرانەوە و 50%ی هەرێمی كوردستان بووەتە كارەبای 24 سەعاتی.

زیاتر گوتی، بە پاڵپشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، توانیمان چاكسازیی لە سێكتەری كارەبا بكەین، بە دامەزراندنی سەتان وێستگە و ڕاكێشانی تۆڕی پاڵەپەستۆی بەرز و چاكسازیی لە گرێبەستەكان، زیادكردنی بەرهەمهێنان و دانانی ژمارەیەكی زۆری پێوەری زیرەك و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان، ژێرخانێكی پتەو بنیات بنێین.

باس لەوەش دەكات، بەهۆی ئەم ژێرخانەوە، دەستمان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك و پڕۆژەی ڕووناكی (كارەبای 24 سەعاتی) كرد، ئەویش بووە وەرچەرخانێك لە سێكتەری كارەبا و بەستەرێك بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی بەردەوامی كارەبا.

روونی كردەوە، هەڵەبجە وەك یەكەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بووە خاوەنی كارەبایەكی 24 سەعاتی، بۆیە ئێستە چوار ملیۆن هاووڵاتی، زیاتر لە (50%)ی هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە كارەبایەكی 24 سەعاتییان هەیە.




وشە - رامیار جەواد