میترۆ بۆ راگەیاندنی یەكێتی: پارەی ئێمە قاچاخچێتیی نەوت و دوگ و هێلكە و ئەندۆمی تێدا نەبووە

:: PM:02:55:10/09/2025 ‌
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، وەڵامی نووسینێكی رۆژنامەی فەرمی یەكێتی دەداتەوە كە لەلایەن یاریدەدەرێكی عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتی نووسراوە. 

دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە وەڵامەكەدا نووسیویەتی، یاریدەدەرێكی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رۆژنامەی كوردستانی نوێدا بەیاننامەیەكی بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی سیاسیی یەكێتی، لەبارەی رێكخراو و میدیای ئەهلی ئۆپۆزسیۆن بڵاو كردووەتەوە، پێشنیازی كردووە "جڵەو بكرێن".

ئەو دەڵێ‌، یەكێتیی كەسی نەدۆزییەوە كۆمەڵگەی مەدەنیی سلێمانی پێ بترسێنێ؟، جگە لە یاریدەدەرێكی كە بە تەمای پۆستی وەزیری رۆشنبیرییە، دەیەوێ ئەوەی عیماد ئەحمەد ماویەتی لەناو "چەپ"ی كوردستانیدا، بیكاتە ئامرازێك بۆ داركاریكردن و دەمكوتكردنی میدیا و كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە یاریدەدەرەكەی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتی، باز دەدات بەسەر ئەو گۆمە خوێنەی شەوی لالەزار، ئەوەندە تووڕەیە لە میدیای ئەهلی و سەنتەری داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، هەمووان دەكاتە خانەی شەڕی بەوەكالەت و "ئاو بكەینە ئاشی ركابەری یەكێتی"  لە بەرانبەر " قازانجی مادی و پارە و تەمویل".

"لە ماوی 10 ساڵی كاركردنم لە سەنتەری میترۆ، خۆم پرۆپۆزەڵم نووسیوە و هەموو هاوكارییە داراییەكانی دەرەوەی وڵات، خۆم چاودێریی وەرگرتنی هاوكارییەكان و خەرجكردنیم كردووە. دڵنیابن پارەی قاچاخچێتیی نەوت و گازی دزراو و دوگ و هێلكە و دەرمان و ئەندۆمی بەسەرچووی تێدا نەبووە" دیاری محەمەد وای نووسیوە.

ئەو دەڵێ‌، ئەمە چ لۆجیك و ئەخلاقێكە دەتانەوێ بچەسپێت و هاووڵاتی و رەخنەگری پێ دەمكوت بكەن؟ ئەمە ئیرهابی فیكری نەبێت، پێم بڵێن چییە؟ ئەرێ ئەم تەخوینكردنەی میترۆ تاكەی؟ ئەم كارگەی درۆیە كەی دادەخەن؟ ئەرێ لەگەڵم نەبی دوژمنمی، نەبڕایەوە؟ ئەم بانگەشەیە بۆ دەسەڵاتی رەها بەس نییە؟ ئەم هەموو پاساوە بۆ توندوتیژی ماندووی نەكردن؟ بەسە ئیتر بە ناشیرینكردنی ئەوانی تر جوان نابن؟.



وشە - وشه‌