تا ئێستە هیچ ئامادەكارییەك نییە تا لە ئەیلوول پەرلەمان چالاك بكرێت

:: PM:04:12:10/09/2025 ‌
لەگەڵ ئەوەی پێشتر شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی رایان گەیاندبوو، لە هەوڵدان لە مانگی ئەیلوول پەرلەمانی كوردستان چالاك بكرێت، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" تا ئەمڕۆ 10ی ئەیلوول، هیچ ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان نییە. 

ئۆكتۆبەری رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، تا ئێستە جگە لە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، هیچ كۆبوونەوەیەكی تر نەكراوە، هەرچەندە هەوڵەكان چڕن بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆ بێتەوە، بەڵام داهاتووی ئەو كۆبوونەوەیە دیار نییە. 

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە" كە زیاتر لە سێ‌ فراكسیۆنی پرسیوە، تا ئەمڕۆ 10ی ئەیلوولی 2025، هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان. 

ئەوە دەركەوتووە كە فراكسیۆنی پارتی ئامادەیە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی باسیان لەوە كردووە تا رێككەوتنی سیاسیی نەكرێت، ئامادە نین بچنەوە پەرلەمان، لە كاتێكدا ئەو حزبە سێ‌ كاندیدی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەیە. 

دوێنی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رای گەیاند، پارتی و یەكێتی ناو بەناو نزیكن و ناو بەناو دوورن، بەڵام ئەوەی پێوەندیی بە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە هەبێت، بۆ ماوەیەك سەرۆكی كاتی دادەنرێتەوە ئەگەر چالاك بكرێت. 

هاوكات باڵانبۆ كۆكۆیی پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی، بە "وشە"ی گوت، كۆبوونەوەی پەرلەمان دوای رێككەوتن دەبێت، ئێستە هەر كۆبوونەوەیەك بكرێت بێ‌ ئەنجام دەبێت، دەشێ‌ دواكەوتنی پێوەندی بەوەوە هەبێت. 

"وشە" جیا لە پارتی و یەكێتی، پێوەندی بە جوانڕۆ محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان كرد و رای گەیاند، ئاگادار نین كە هیچ ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كرابێت و پێویستە ئەوە لە دیوانی پەرلەمان بپرسن. 

یەكێتی بە پێداگریی بۆ چەند پۆستێكی ناو حكوومەت، ئەو پرۆسەی پەكخستووە، لە كاتێكدا دەیان كێشەی ناوخۆی هەیە و پێویستی بە هەڵوێست و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان هەیە. 

بە لێكدانەوە بۆ بەدواداچوونەكەی "وشە" دەركەوتووە، پێناچێ‌ پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا كۆ ببێتەوە، هیچ وادەیەكیش بۆ ئەوە دیار نییە. 




وشە - وشه‌