كوردستان و ئیمارات پێوەندییەكانیان تۆكمەتر دەكەن

:: PM:04:34:10/09/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە سەعید ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری، كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا وێڕای ستایشكردنی مێژووی دۆستایەتی و پێوەندییەكان، خۆشحاڵییان بە ئاستی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی و دووپاتیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەوپێدانی زیاتر و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان كردەوە، بەتایبەتیش لەو بوارانەدا كە بۆ هەردوولا گرنگن‌.

 هەر لەمبارەیەوە هەردوولا بوونی یاسایەكی هاندەر و ژینگەیەكی یارمەتیدەریان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بە گرنگ هەڵسەنگاند.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسكردنی سەركردایەتی و حكوومەتی ئیمارات بۆ یارمەتیدان و پشتگیرییان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەستنیشانكردنی نێردەیەكی تایبەتی ئیماراتی بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا كە بایەخ و گرنگیی پێوەندییەكانی هەردوولا نیشان دەدات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆكی ئیمارات جەنابی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان دووپات كردەوە كە‌ نیسانی ڕابردوو لە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییاندا لە ئەبوزەبی، دووپاتی لە ناردنی نێردەیەكی تایبەتی ئیمارات بۆ وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان كردبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە دەر‌فەتەكانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و كار و چالاكیی كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەتی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كرد و دەربارەی ئاسۆی فراوانكردنیان لە بوارە جیاجیاكاندا، بیروڕایان گۆڕییەوە. هەر بۆ ئەو مەبەستە نێچیرڤان بارزانی تەواوی ئامادەیی بۆ پێشكەشكردنی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی پێویستی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم