راپۆرتێك: ئیمارات پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات

:: PM:11:15:11/09/2025 ‌


هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگ و تایبەتی لای ئەبوزەبی هەیە، ئەوە قسەی نێردراوی ئیماراتییە بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە دانانی نێردراوێكی تایبەت بۆ كاروباری ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە لایەن ئیماراتەوە، خواستی ئەو وڵاتە دەردەخات بۆ بەهێزكردنی هاریكاری لەگەڵ هەرێم تا ئاستی هاوبەشییەكی ستراتیجی، لە هەنگاوێك دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێزی پەرەپێدان لە هەرێمی كوردستان. 

ئەمڕۆ سەعید موبارەك هاجری وەزیری دەوڵەت و نێردراوی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان لە دیدارێك لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان دەربڕی، ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگ و تایبەتی لای سەركردایەتیی ئیمارات هەیە، دووپاتی كردەوە كە دەرفەتی زۆر بۆ بەهێزتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا هەیە.

هاریكاریی ئابووری لە نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان نموونەیەكی پێشكەوتووی هاوبەشییەكی فرەلایەنە لە ناوچەكە، بوونی ئەو پێوەندییە بەهێزە بەرجەستەی گرنگیدانێكی هاوبەشی هەردوولایە بە بەهێزكردنی پەرەپێدانێكی بەردەوام، هاریكارییەكەش سەرنجی خستووەتە سەر كەرتە سەركییەكانی وەك بازرگانی و وەبەرهێنان و وزە و كشتوكاڵ، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان دروازەیەكی گرنگە بۆ وەبەرهێنانی ئیماراتی لە بازاڕی عێراق، كاتێك قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولا گەیشتووەتە ئاستی هەشت ملیار دۆلار و زیاتر لە 200 كۆمپانیای ئیمارتیش لە هەرێم كار دەكەن.

بەپێی راپۆرتێكی "میدڵ ئیست ئۆنلاین"، ئیمارات هەوڵی فرەوانكردنی وەبەرهێنان لە كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان دەدات، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، هەروەها كۆمپانیا ئیمارتییەكان دەستیان بە جێبەجێكردنی پڕۆژە گەورەی كشتوكاڵی لە كوردستان كردووە، ئەوەش بە مەبەستی پەرەپێدانی كەرتەكە و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی تا ئاستی هەناردەكردن بۆ دەرەوە.  

بۆیە دانانی نێردراوێكی تایبەت بۆ كاروباری ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە لایەن ئیماراتەوە بەڵگەیە لەسەر سووربوونی ئەبوزەبی لەسەر قووڵكردنی پێوەندییە ئابوورییەكانی و فرەوانكردنی وەبەرهێنانەكانی لە ناوچەكە، هەروەها هەنگاوەكە بەڵگەیەكیشە لەسەر پابەندیی ئیمارات بە كردنەوەی كەناڵی راستەوخۆی پێوەندی و ئاسانكردنی دروستبوونی هاوبەشیی نوێی ستراتیجی بە مەبەستی بەهێزكردنی پەرەپێدانی گشتی لە هەرێمی كوردستان و سوودوەرگرتن لەو هەلی وەبەرهێنانەی لەوێ هەیە.  

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل