هۆكاری راگیرانی عومرەكاران ئاشكرابوو

:: AM:08:41:13/09/2025 ‌
پاسێكی عومرەكاران مادەی قەدەغەكراوی تێدا گیراوە و رێوشوێنەكان توند كراون، بەڵام رۆیشتنی عومرەكاران بۆ سعوودیە نەوەستاوە و ئێستە دوای پشكنین، سەردان دەستی پێ‌ كردووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی حوزەیران، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەسەر وەستانی ژمارەیەكی زۆری عومرەكار لەسەر سنوور، پێوەندیمان بە لایەنی بەرپرس كردووە لە سعوودیە لەبارەی خاوبوونەوەی رۆیشتنی عومرەكاران. ئەوان پێیان گوتین پاسێك بە مادەی قەدەغەكراوەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بۆیە لێپرسینەوە لە پاسەكانی دوای ئەوە توندتر كراوە، بۆیە دواكەوتوون.

زیاتر گوتی، سعوودییەكان باسیان لەوەش كردووە هەر كەسێك یان كۆمپانیایەك ئەو كارەی كردبێت، ئەوا مۆڵەتی لێ دەسەنرێتەوە و ئیتر بۆی نییە، هاووڵاتییان ببات بۆ سعوودیە، بەهۆی ئەوەی ناوبانگی وڵاتەكەیانی لەكەدار كردووە.

باسی لەوەش كرد، قسەیان لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانە كردووە لە سنووری عەرعەر وەستاون، باسیان لەوە كردووە زیاتر لە 30 پاس وەستاون و رۆیشتنیش هەر هەیە، بەڵام خاو بووەتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە لە دوێنێ‌ بەیانییەوە ژمارەیەكی زۆری عومرەكار لەسەر سنوورە ماونەتەوە، داوایان دەكرد چارەسەری دۆخەكەیان بكرێت.



وشە - رامیار جەواد