هەرچەندە دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە دادگای سلێمانی بڕیاری كۆتایی وەرگرت و سزای شەش مانگ گرتنی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام ئێستە ئەو چەند كەسەی كە بۆ بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ دیاری كراون، بیر لە گواستنەوەی دۆسیەكانی تری ئەو تاوانبارە بۆ دادگای هەولێر دەكەنەوە.
لە12ی ئابی 2025، درەنگانی شەو هێزێكی تەناهیی شاسوار عەبدولواحیدیان گرت، دوای سێ دانیشتنی دادگا، بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكەی دا و شەش مانگ سزای گرتنی بەسەردا سەپاند. بڕیارەكەی دادگا لە بەرانبەر هەڕەشەی شاسوارە لە پەرلەمانتارێكی پێشووی نەوەی نوێ كە ئێستە یەكێتییە و گوایە ڤیدیۆی نەشیاوی ئەوی لایە و بڵاوی دەكاتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 13ی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، بڕیاری شەش مانگ گرتنی بۆ شاسوار عەبدولواحید تەنیا پێوەندی بەیەك دۆسیەوە هەیە، بەڵام گومان دەكرێت دوای تەواوكردنی ئەو سزایەی، دۆسیەی تری لەسەر بكرێتەوە، بەتایبەت قەرزەكانی و زێدەڕۆیی زەوی و چەند شتێكی تر.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە بەڕێوەبەرانی نەوەی نوێ، ئێستە بیر لەوە دەكەنەوە كە ئەگەر دۆسیەی تر لە دادگای سلێمانی لەسەر شاسوار عەبدولواحید بكرێتەوە، ئەوە دادگاییكردنەوەكەی دەگوازنەوە بۆ بەغدا یان هەولێر.
بەڵام ئەوەشی ئاشكرا كرد ئەوە هێشتا هیچ بڕیارێكی فەرمی نییە و زووە تا بڕیاری لێ بدرێت، ئەو گومانەیش كە دۆسیەی تری لەسەر بكرێتەوە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا دووپاتی كردبووەوە كە تا ئێستە ئەوان پشتیوانی بوون، بەڵام ئیتر رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر شاسوار عەبدولواحید جێبەجێ دەكرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، كاوە عەبدولقادر كە یەكێكە لە ئەندامانی ئێستە بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ، بۆ رۆژنامەنووسان گوتبووی كە دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دۆسیەیەكی سیاسییە نەك یاسایی.
هاوكات نەوەی نوێ چەندان جار ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە رێگە بە پارێزەرانی نادرێ ناوەڕۆكی "وەرەقەكان"ی ببینن.