جووڵەیەكی زۆر لە بازاڕِی نەوتفرۆشان هەیە و خاوەن وێستگەیەكی بازرگانیش دەڵێت، ساڵانە لەم كاتەدا بازاڕ ئاوایە، بەڵام بە دابەشكردنی نەوت راستەوخۆ نرخەكەی دادابەزێت، بۆیە پێویست ناكات پەلە لە كڕینی نەوت بكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی ئەیلوول، سەعدوون یاسین خاوەنی وێستگەی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی سووتەمەنی لە شوێنی نەوت فرۆشانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەموو ساڵێك لە مانگی نۆ جووڵەی كڕین و فرۆشتنی نەوت دەست پێ دەكات.
زیاتر گوتی، پێویست ناكات هاووڵاتییان لە كڕینی پەلە بكەن، چونكە بە دڵنیاییەوە حكوومەت دابەشی دەكات، ئەو نرخەشی هەیە ئێستە نرخی راستەقینەی بەرمیلێك نەوت نییە، بەڵكو زۆر زیاترە لە نرخی خۆی.
باسی لەوەش كرد، تەنیا لە هەولێردا 20 بۆ 30 هەزار دینار لەگەڵ دەوروبەری و شارەكانی تر نرخی بەرمیلێك گرانترە، ئەوەش بە هەواڵی دابەشكردنی نەوت نرخەكەی دادەبەزێتەوە.
هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی راگەیاند، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ پرۆسەی دابەشكردنی نەوت، پێویست بە نیگەرانی ناكات بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت دەست پێ دەكات.
دابەشكردنەكە بڕی 200 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێك بە نرخی 100 هەزار دینارە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دەست بە دابەشكردنەكە دەكرێت، چوار هەزار دینار وەك كرێی گواستنەوە وەردەگیرێت.